راپۆرت

نەتەوەی کورد و دروز و پاشماوەکانی ئەسەد دیارترین تەحەداییەکانی بەردەم شەرع

نها نیوز – راپۆرت

ئەحمەد شەرع، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتەوە پەیامی دڵنیاکەرەوەی بۆ کەمینەکان ناردوو و داوای لە هێزەکانی کرد خۆیان بەدووربگرن و هۆشداری لە شەڕی تایفەگەری دا.

ئیدارەی نوێی سووریا کە لە ئێستادا لە پارێزگای لازقیە ڕووبەڕووی چەکدارانی ڕژێمی پێشوو دەبێتەوە، هاوکات ڕووبەڕووی ئاستەنگە ئەمنییە گەورەکان دەبێتەوە کە ڕێگرن لەوەی نفوزی خۆی بەسەر هەموو سووریادا درێژبکاتەوە، لەگەڵ بوونی گروپە چەکدارەکان کە چەندین لایەنگریان هەیە.

لەم ڕاپۆرتەدا دیارترینی ئەم گروپانە و کاریگەرییەکانیان لە سووریا دەخەینەڕوو...

لایەنگرانی ئەسەد:

کەناراوەکانی سووریا قەڵای کەمینەی عەلەوییەکانە کە بنەماڵەی ئەسەد سەر بە خۆیانن. ئەو ناوچەیە وەک لانکەی بنەماڵەی ئەسەد سەیر دەکرێت، زیاتر لە پێنج دەیە بە مشتێکی ئاسنین حوکمڕانی سووریایان کردووە.

عەلەوییەکان نزیکەی 9%ـی دانیشتوانی سووریای زۆرینەی سوننە پێکدەهێنن، لە سەردەمی حوکمڕانی پێشوودا لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا ئامادەبوونیان هەبووە، هەمیشە پشتیان بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان دەبەستن بۆ سەرکوتکردنی هەر دژایەتییەک.

دوای ڕووخانی ئەسەد، شاری لازقییە شایەتی گرژییە ئەمنییەکان بوو، کاتێک دەسەڵاتداران هەڵمەتی ئەمنییان لەوێ ئەنجامدا، ئەمەش ترسی لە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە دروستکرد.

هەرچەندە لەم دواییانەدا گرژییەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام جارجارە هێرشەکان بۆسەر خاڵەکانی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن، هەندێکجار لەلایەن چەکدارانی لایەنگری ئەسەد یان ئەندامانی پێشووی سوپای سووریاوە ئەنجامدەدرێن.

ناوچەی کەنار دەریاکان ژمارەیەکی زۆر لە دڵسۆزانی ئەسەد لە سوپای پێشووی سووریا لەخۆدەگرێت کە هێشتا چەکەکانیان لە دەستدایە.

ئەحمەد شەرع لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتەوە پەیامی دڵنیاکەرەوەی بۆ کەمینەکان ناردوو و داوای لە هێزەکانی کرد کە خۆبەدەستەوە بدەن و هۆشداری لە شەڕی تائیفەگەری دا.

شەڕڤانانی کورد:

لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بوونی چەکدارانی کورد تەحەددایەکی دیکە بۆ دەسەڵاتی "ئینتقالی" دروست دەکات، بەو پێیەی پێداگری لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆبەڕێوەبردن دەکەن کە لە ساڵانی ململانێدا بنیاتیان ناوە، ڕەتیدەکەنەوە خۆیان هەڵبوەشێننەوە وەک مەرجێک بۆ چوونە ناو سوپای نوێ.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، قۆڵی سەربازیی ئیدارەی خۆسەر پێکدەهێنن، ناوچە بەرفراوانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆنتڕۆڵکردووە، لەوانە دیارترین کێڵگەکانی (گەنم، نەوت و گاز)، کە دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە قۆناغی داهاتوودا زۆر پێویستیان بە سەرچاوەکانیان هەیە.

تائێستا ئەو دانوستانانەی لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراون هیچ پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە، کورد پێداگری لەسەر پاراستنی بوونی خۆی وەک قەوارەیەکی سەربازی دەکات لەبەرامبەر جێبەجێکردنی زۆربەی داواکارییەکانی دیمەشق.

واشنتۆن کەبە سەدان سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد جێگیرکراون، لە ساڵانی شەڕ و پێکدادانەکاندا پاڵپشتێکی سەرەکی ئەو هێزانە بووە لە شەڕی داعشدا.

لە ئێستادا عەرەب زیاتر لە 60%ـی دانیشتوانی ئیدارەی خۆسەر پێکدەهێنن، لەدوای دەستبەکاربوونی شەرعەوە ویستوویانە "لە هەژموونی کورد ڕزگاریان بێت".

دروز:

دروزەکان قەڵای سەرەکییان لە سووریا پارێزگای سویدە (باشوور)ە، نزیکەی لەسەدا 3ـی دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن.

دوور لە بەرگریکردن لە خۆیان لەبەرامبەر هێرشەکان لەو ناوچانەدا دەژین، دروزەکانی سووریا تاڕادەیەکی زۆر خۆیان لەو ململانێیە دوورخستووەتەوە کەلە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، زۆرێکیان توانیویانە خۆیان بەدوور بگرن لە وەرگرتنی ناچاری بۆ ناو سوپا.

لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بووەتە هۆی شڵەژان لە سووریا، دوای ئەوەی ئیسرائیل لەڕێگای کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ڕژێم زیان بە دروزەکان بگەیەنێت، ئێمەش زیانیان پێدەگەیەنین، ئەمەش دوای پێکدادانێکی سنووردار لە شاری جەرامانا کە دەکەوێتە گەڕەکی دیمەشق و دروز و مەسیحییەکانی لێی نیشتەجێیە، بەڵام سەرکردەکانی دروز و دەسەڵاتدارانی ئایینی ڕەتکردنەوەی لێدوانەکانی ئیسرائیلیان دەربڕی.

ئەوان جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە یەکێتی سووریا کردەوە، کە لەلایەن شەرعەوە پشتڕاستکرایەوە بە داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی "دەستبەجێ" لەو ناوچانە بکشێتەوە کە لە باشووری سووریادا چووەتە ناوەوە.

ئامادەکردنی/ عەلی مەلا

12کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.