راپۆرت

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گۆڕانکاری ریشەیی لە مووچەی فەرمانبەران دروست دەکات

نها نیوز - راپۆرت

نزیکەی دوو ساڵە دادگای ناوبژیوانی پاریس بەفەرمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهان – تورکیا راگرت، بەڵام بەپێی بەدواداچونەکان و سەرچاوەکانی نها کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە، شارەزایەکی سیاسەتی نێودەوڵەتیش ئاشکرای دەکات کە ئەو دەستپێکردنەوەیە گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەموو بوارەکانی کوردستان دروست دەکات، "بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران".

هۆکاری بنەڕەتی راگرتنی نەوتی هەرێم چیبوو؟

دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت".

دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی 277 لاپەڕەیی لە رۆژی 13ی شوباتی 2023 دەرکردووە و لە 25ی ئازاری 2023 بە فەرمی بووە هۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

هەروەها هەر لەدوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازاری ساڵی 2023دا، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیکەی سەرجەم کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێم کە تا ئەو کات ژمارەیان گەیشتبووە 14 کێڵگە راگیرا.

جگە لەوەش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکیش بەهۆی ئەو بڕیارەوە راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دەستیپێنەکردەوە.

کەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێدەکاتەوە؟

رۆژی دووشەممە بەرواری 17ی شوباتی 2025، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم رادەستی عێراق دەکرێت.

هاوکات رۆژی یەکشەممە 16ی شوباتی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریکی وتی "پێشبینی دەکەین هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم مانگی داهاتوو دەستپێبکاتەوە".

رۆژی یەکشەممە بەرواری 23ی شوباتی هەمان ساڵ، باسم محەمەد خزر یاریدەدەری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رۆژانە نزیكەی 185 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان وەردەگرن وەك قۆناغی یەكەم دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە.

وتیشی، دواتر بڕەكەی وردە وردە بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەبێتەوە.

لەبەرامبەر ئەم وتانەدا لایخۆیەوە نەوزاد موهەندیس، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی وت "ئەگەر وتەکانی وەزیری نەوتی عێراقی وەربگرین هەناردەکردنەوەکە بەشێوەیەک دەست پێدەکات کە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت پێدەچێت وەکو ناوخۆ بیدات بە عێراق، بەڵام ئەگەر قسەکانی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم لێکبدەینەوە هەناردەکردنەوەکە لەرێگەی جەیهان - تورکیاوە دەستپێبکاتەوە رەنگە بکەوێتە مانگی داهاتوو ئەوکاتەیە دەبێت بە دوو ساڵ کە پڕۆسەکە وەستاوە، ئەگەر پڕۆسەکە دەستپێبکاتەوە بەگشتی بە قازانجی عێراق و گەنجینەی عێراق و هەرێمی کوردستان و قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێت و دەکەونەوە کارکردن".

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کێشەی بودجە و مووچەی کوردستان چارەسەر دەکات

بەگوێرەی بەدواداچونەکانی نها نیوز، دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها 7 مووچەی بەسەر مووچەخۆرانی هەرێم دابەشکردووە، ئەمەش دەرخەی ئەو راستییەیە کە خەڵک و مووچەخۆرانی باجی سیاسەتی نەوتی هەرێمیان دا.

نەوزاد موهەندیس، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی کە قسەی بۆ نها نیوز کردووە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم دەڵێت "هەرێمی کوردستان قازانج دەکات، چونکە لەنزیکی دوو ساڵی رابردوو هەڵوێست و گوتاری هەرێم لاواز بوو لەبەرامبەر داواکارییەکانی عێراقدا، چونکە داهاتی نەوتییەکانی رادەست نەکردووە و نەوتی هەناردە نەکردووە و کێشە و گرفتی بۆ هەناردەکردنەوەکە دروستکردووە سەرەرای ئەوەشی داهاتە نانەوتییەکانیشی رادەست نەکرد".

ئەو ئاماژە بە رەگی کێشەی مووچە و بودجە و هەروەها چارەسەری دەکات و دەڵێت "ئەمانەش هەموو ببون بە کێشە بۆ ناردنی مووچە و دابینکردنی خەرجییەکان هەرێم، بەڵام وەکو ئەوەی کەوا لەهەمواری یاسای بودجەشدا لە لە ماددەی 12 و بڕگەی 2دا هاتووە هەموارەکە لەسەر نرخی تێچووی یەک بەرمیل نەوت بوو کەوا ئێستا خۆشبەختانە بە 16 دۆلار بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەکو لیژنەیەکی بێ لایەنی نێودەوڵەتی ئەو بڕیارە دەدەن نرخەکە دیاریدەکەن و ئەو 16 دۆلارە جێگیرکراوە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بەمەش لەمانگی یەکی ئەمساڵ داهاتە نانەوتییەکان بەو رێژەی کەلە کۆتا کۆبونەوەی هەردوو وەزارەتی دارایی رادەستکراوە رێککەوتن، کەواتە ئەوکاتەیە بیانەویەک نامێنێتەوە بۆ دەوڵەتی عێراقی کەوا کێشە بۆ مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دروست بکات".

نەوزاد موهەندیس لەگەڵ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم زانیاری گرنگ ئاشکرا دەکات و باس لەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی ناردووە و بەشە بودجەی هەرێمی نەناردووە چونکە "بەشە بودجە زۆر زیاترە لە پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە، بەشە بودجەی تەواوی هەرێم 12.67 ملیارە و ئەوەش بڕێکی زۆرە بۆ هەموارکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنانیش بۆ هەرێم، هەربۆیە هەموو ئەمانە دەبنە دەستکەوت و قازانج بۆ هەرێمی کوردستان واتە پڕۆسەیەکی ئاوەدانی گەورە دەستپێدەکات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر 300 هەزار بەرمیل بێت یاخود وردە وردە بەرزببێتەوە بۆ 400 بۆ 500 بەرمیل ئەوا لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆوە پارەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت عێراق و هاوکارێکی باشی عێراق دەبێت، هەموو ئەمانە قازانجی گەورەن بۆ هەموو لایەنەکان".

سەبارەت بە کێشە گەورەکەی مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەو شارەزای بواری سیاسەتی نێودەوڵەتییە ئاشکرایکرد "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کێشەی گەورەی مووچە ناهێڵێت ئەوەی بۆ کێشەی مووچە دەمێنێتەوە، هەندێک کێشەی تەکنینکی و تێبینیەکانی لیستی مووچە و ژمارەکان و بندیوار و ناوی زیادەکانە ئەوانەش قابیلی چارەسەرن بە لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا".

"ئەوەشمان بیرنەچێ هەرێم سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتە، ئەگەر ئەم گرفتانە لە کابینەی نۆیەم هەبوو بگوێزرێتەوە بۆ کابینەی دەیەم دووبارە حکومەتێکی لاواز و فشەڵ و دروست دەکاتەوە، بۆیە ئەم دەستپێکردنەوەیە بەقازانجی بەهێزبوونەوەی حکومەتی هەرێم دەبێت بەهەموو بوارەکانەوە". نەوزاد موهەندیس وای وت

لایخۆشیەوە دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە لێدوانێکدا بە نها نیوزی راگەیاند "هەناردەکردەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات وە ئەو بابەتەش لە بودجەدا ئاماژەی پێکراوە لەهەرێمی کوردستان و رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات لەرێگەی سۆمۆوە راستەوخۆ جێبەجێ دەبێت".

راشیگەیاند "ئەم هەناردەکردنەوەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرنی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە دەبێت، ئەوەی پەیوەندی بە بنەبڕکردنی کێشەکانەوە هەیە لەرووی یاساییەوە کێشەکە چارەسەر بووە هەم لە بودجە هەم لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیدا هەروەها دەستوریش، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە چەندێک ئەم دوولایەنە پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوانیانەوە، بۆیە ئەمساڵ باشتر دەبێت لەساڵانی رابردوو".

ئامادەکردنی/ ئیمان زەندی
 
2025-02-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.