راپۆرت

دەزگای تەندروستی پێشمەرگە هەڵدەوەشێندرێتەوە

نها نیوز – راپۆرت

نها نیوز لە بەدواداچوونەکانیدا هەڵوەشاندنەوەی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بە نەخۆشخانەکانییەوە کە دیاریترینیان (ئیستشاری و شۆڕشە) و گەورەترین گرفت بۆ میلاکاتی دروست دەبێت ئاشکرا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش جێگری بەڕێوەبەری دەزگاکە دەڵێت "ئەم گرفتەی میلاکاتە کە دروست دەبێت بەهۆی یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80یە، بەڵام نەخۆشخانەکان هەڵناوەشێنەوە". 

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی نها نیوز و پشتبەست بە سەرچاوەیەکی تایبەت، دەزگای تەندروستی پێشمەرگە هەڵدەوەشێتەوە و نەخۆشخانەکانیشی بەهەمانشێوە وەکو نەخۆشخانەی (چەمی رێزان و ئیستیشاری و شۆڕش لەگەڵ ناو دیوانی دەزگاکە).

هەربەگوێرەی بەدواداچوونەکە، میلاکی ئەو دەزگایە کە نەخۆشخانەکانی مام جەلالە نزیکەی هەزار و 480 کەسە و بەپێی ئەو داتایەی کە دانراوە و رێکدەخرێتەوە 200 بۆ 250 کەسی دەمێنێتەوە، هاوکات کارمەندەکانی دیکە نازانرێت میلاکیان چی لێبەسەر دێت.

سەرچاوەکەی نها دەڵێت "مام جەلال هەمیشە لە کۆبونەوەکانیدا دەیوت؛ دەزگای تەندروستی پێشمەرگە و نەخۆشخانەکانی شۆڕش تاکە میراتی منە بۆ شاری سلێمانی و یەکێتی. بەڵام بەداخەوە وا ناتوانرێت بپارێزرێت".

سەبارەت بەو دەنگۆیە هاوژین عوسمان، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی راگەیاند "دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بەسەر فیرقە و دامەزراوە سەربازیەکاندا دابەشدەکرێت، نەخۆشخانەی قەلاچوەلان وەکو نەخۆشخانە دەمێنێتەوە بەڵام لەرووی ئیدارییەوە دەچێتەسەر فیرقەی 10، وە چوارقوڕنە و باوەنوریش وەکو خۆیان دەمێننەوە بەڵام دەچێنەسەر فیرقەی هەشت و شەش، چونکە میلاکەکەیان رێکدەخرێتەوە".

وتیشی "دووەم ئەم شوێنانە دەبن بە نەخۆشخانەی سەربازی ئێستا گەر سەیر بکەین لە مەدەنی دەچن دەبن بە نەخۆشخانەی (تەبەبەی سەربازی) میلاکەکەش بەگوێرەی ئەو یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و80یە، لەبەر ئەوەی میلاکێکی زۆر هەیە لەگەڵ ئەو رێکخستنەوەیە ناگونجێت".

پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوەی نەخۆشخانەی "شۆڕش"یش، هاوژین عوسمان ئاشکراشیکرد "نەخۆشخانەی شۆڕشیش وەکو یەک نەخۆشخانە دەمێنێتەوە نەک پارچە پارچە ببێت بەپێی هێزی ناوچەکە، بەڵام وەکو ئەوەی نەخۆشخانەکان دادەخرێت ئەوە دوورە لە راستییەوە. ئێستا ئێمە لە قۆناغی رێکخستنەوەی میلاکەکەین و هەیکەلەکە و گونجاندنی لەگەڵ هێزەی 70 و 80".

ئاماژەی بەوەشدا "هەفتەی پێشووش فیرقەی 3 و 4 مەرسومیان بۆ دەرچوو لە ئایندەیەکی نزیکدا فیرقەی 5 و 6 مەرسومیان بۆ دەردەچێت و رێکدەخرێتەوە".

لەبارەی گرفتی سەرەکی ئەم یەکخستنەوەیە، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە رونیکردەوە "ئەوەی گرفت دروست دەکات میلاک و خزمەتگوزارییەکان کەمدەبێتەوە، بەڵام بەوجۆرەیە نا کە خەڵک ببێتە مەترسی بۆی". ناوبراو ئەو حاڵەتەش ئاشکرا دەکات کە ئایا میلاکە زیادەکە چی لێدێت؟ ئەو وتی "ئێمە لای خۆمانەوە میلاکە زیادەکە کە لەرووی سەربازییەوە زیاترە و جێینابێتەوە دەیدەین بە نەخۆشخانە حکومەییەکانی نەخۆشخانەی سلێمانی، چونکە ئەوێش کەموکوڕێ هەیە. هەربۆیە نەخۆشخانەکان مەترسی داخستنیان نییە و هەموومان لەسەر خەتین لەوبارەیەوە".

هاوژین عوسمان بەنمونەیەک زانیاری زیاتر دەخاتە روو و دەڵێت "پێگەکەی من ئەگەری هەیە نەمێنێت و زۆر ئاساییە، چونکە لەباتی ئەوەی سەرپەرەشتی هەشت نەخۆشخانە بکەین هەر نەخۆشخانە و دەچێتەسەر فیرقەیەک و خۆمان سەرپەرەشتی یەک نەخۆشخانە دەکەین، وە لە هەموو فیرقەکاندا 11 فیرقە دەمێنێتەوە".

ئامادەکردنی/ ئیمان زەندی

 
2025-02-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.