راپۆرت

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەکەرکوک کارێکی ڕەوابوو

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای ئەوەی دوێنی پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد و لەلایەن ڕێبوار تەها پارێزگار شارەکەوە پێشوازی لێکرا و ئاڵای کوردستان لە دیوانی پارێزگا دانرا، بەرەی تورکمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، "هیچ کەسێک ناتوانێت جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەک دیکە لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دابێنێت". 

هاوکات، محەممەدی حاجی مەحموود، وەڵامی داوەتەوە و نوسیویەتی:

"دوێنی 6-2-2025 بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێز ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوکی کردووه، بەئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لەجێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کەئەوەش کارێکی زۆر ڕەواو ئاسایه چونکە کەرکوک شارێکی کورستانییە، بەڵام ئەوەی ناواقیعییە کە ئەو عەرەب و تورکمان و مەسیحییانەی لەوێ دەژین خۆیان بەخاوەنی شارەکە دەزانن و کورد بەکەمینە دەزانن".

نوسیویشیەتی: "بێگومان لەئێستادا مردووەکانی کورد و گۆڕستانەکانی کورد له کەرکوک له زیندوەکانی نەتەوەکانیتر زیاتره کە لەو شارە کوردستانییە دەژین".

دەشڵێت،"گرنگە ئاڵای کوردستان لەهەموو جێگایەک هەڵبکرێت و شەرمی ناوێت بەتایبەت لەکەرکوکی شاری دێرین و مێژوویی گەلەکەمان کە سەدان ساڵە خوێنی بۆ دەدرێت. دەستخۆشی له پارێزگاری کەرکوک دەکەم و هەرئەوەشی لێ چاوەڕووان دەکرێت".

هاوکات، " هیوادارم بەبڕیارێک لەسەر هەموو دام و دەزگا رەسمی و ناڕسمیەکانی کەرکوک و شارۆچکەکان و قەزاو ناحیەکان ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت، له کاتێکدا ئەو ئاڵایەی بەناوی عێراقەوە لەهەرێمی کوردستانیش هەڵکراوە بەڕاستی جێگای شەرمەزارییه بۆ کوردستان، ئەوە ئاڵای صەدام حسین و حزبی بەعسی هەڵوەشاوەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ساڵانێکی زۆر له ژێر ئەو ئاڵایەدا جۆرەها تاوان بەرامبەر بەگەلی کوردستان ئەنجامدرا وەک کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەنفالکردن و زیندە بەچاڵکردنی 182 هەزار کوردی سڤیل و ڕوخاندن و سوتاندنی زیاتر لە 4500 گوندو شارەدێ و قەزاو ناحیەو نەخۆشخانە و قوتابخانە و مزگەوت و یەکسان کردنی لەگەڵ خاکدا، جگە لەکوشتن و بێسەرو شوێنکردنی هەزاران گەنج و لاوی کورد و لەسێدارەدانیان".

لە کۆتایدا پێی وایە، "بۆیە پێویسته ڕێگە نەدرێت ئەو ئاڵایەی عێراق له کوردستان هەڵبکرێت، تا بڕیار لەسەر گۆڕینی دەدرێت ئاشکرایە هەندێک دەنگی نەشاز و لایەنی ناو کەرکوک که جڵەویان بەدەستی وڵاتانی ترەوەیە، ناڕازی بوون بەهەڵکردنی ئاڵای کوردستان له کەرکوک، بەدڵنیاییەوە ئەوانە دژە کوردو خڵتەی ناو کۆمەڵگان".

 محمد حاجی محمود 

 7-2-2025 گوڵەخانە

2025-02-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.