نها نیوز – راپۆرت
هاوڵاتییان ساڵانە بۆ زەخیرەکردنی نەوتی سپی بۆ زستان لە وەرزی هاویندا پەنا بۆ بازاڕی رەش دەبەن بۆ کڕینی، لەم بەدواداچونەی نها نیوزدا بۆ زانینی نرخی نەوتی سپی لە هاویندا نها زانیاری نەدرکاو و شاراوە و مەترسیدار لەسەر ئەو نەوتە دەست دەکەوێت، لەم راپۆرتەدا بەپشت بەستن بەوتەی شارەزایانی ئەو بوارە زانیارییە شاراوەکان ئاشکرا دەکەین.
لەدوای ساڵی 2016ـوە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوتی سپیی راگرت و حکومەتی عێراقی بەشێوەی بازرگانی دابینی دەکرد. لەدوای ئەو ساڵەوە حکومەتی کاربەڕێکەر ساڵی 2023 نەوتی سپیی ماڵانی دابینکرد بە نرخی 105 بۆ 110 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک، بەپێی وتەی شارەزایانی نەوت، ئەو بڕە نەوتەی هەرێم ساڵی پار دابینیکرد، کەمی هەبووە و بەشی هەموو خێزانەکانی نەکردووە، هەر لەو چوارچێوەیەدا نها هۆکاری ئەو کەمیە و نرخی نەوتی سپی ماڵان لە وەرزی هاوین و زستان ئاشکرا دەکات.
ئەو نەوتە سپیەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ساڵی پار دابینیکرد "کەمی هەبوو"
وریا حوسێن، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دۆز بۆ زانیاریی نەوتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی راگەیەند "ئەو بڕە نەوتەی ساڵی پار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابینکرا هەموو خێزانێکی نەگرتەوە، ئەمەش یەکێک بوو لەلایەنە خراپەکان، حکومەت دەیتوانیی هەموو هاوڵاتییان لەو نەوتە سوودمەند بکات، بەڵام ئەوکارەی نەکرد.
ناوبراو مەترسییەک ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بەبڕوای من ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵیش بەو سیاسەتە کاربکات، بەدڵنیاییەوە ناتوانێت نەوت دابینبکات، هیوادارم لانیکەم حکومەت بتوانێت بۆ هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوت دابینبکات بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر کارەبا هەیە، کەم ببێتەوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئێستاش جۆرێک لە مەترسی هەیە کە هەرێم ئەمساڵ نەتوانێت نەوت دابینبکات؟ وریا حوسێن رونی دەکاتەوە "شتەکە لە مەترسیدا نییە، لە خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، ئەگەر حکومەت بیەوێت ئەم کارە بکات بەدڵنیاییەوە دەتوانێت، بەڵام نایکات؛ چونکە پاڵاوگەکان بەدەستی خۆیەوە نییە، نەوتەکەی لە دەستی کۆمپانیاکانە، هیچ بازرگانێکیش ئامادە نییە لە قازانجی خۆی خۆشبێت.
راشی دەگەیەنێت "ئەو کەمیەتەی حکومەت دابەشی دەکرد بەتایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەکان زۆر کەمە، بۆیە کاریگەرییەکی وای نییە لەسەر داهات و ئابووریی خەڵک.
هەر لەمبارەیەوە، بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری نەوت لە لێدوانێکیدا بۆ نها نیوز دەڵێت "حکومەتی هەرێم نەوتی پاڵپشتیکراوی نییە و عێراقیش یەکێک لەو سزایانەی خستویەتییە سەر هەرێم بریتیبووە لە بڕینی بەشە سوتەمەنیی پاڵپشتیکراوی هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرەکانیەوە، ئەوەشی لە ساڵانی رابردوودا کە بڕێک نەوتی ناردووە بە نرخی بازرگانی ناردوویەتی نەک نرخی پاڵپشتیکراو.
بەهجەت ئەحمەد ئاماژە بەوەش دەکات "لە بەغدا هەر لیترێک نەوت بە 15 دینار دەدرێت بە هاوڵاتییان، بەڵام لە هەرێم نرخەکە زۆر زیاترە. بۆیە نازانم ئایا حکومەت ئەو ئیمکانیەتەی دەبێت یان نا، هێشتا دیارنییە.
حکومەتی کاربەڕێکەر "نەوتی سپی یاخود بەنزین، یان هەر جۆرێکی تری سووتەمەنی، دەیپاڵێون و دەیفرۆشن بە ئێران، ئەفغانستان، ئازەربایجان و ئەو وڵاتانەی دەوری هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دۆز ئەوەشی خستە روو "گرانبوونی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیی بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەو مانایەی کە ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا سەروو 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین بە نرخی کەمتر لە 40 دۆلار لە ئاستی بازاڕی جیهانی و دەیفرۆشین بە پاڵاوگە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان.
وریا حوسێن گەندەڵیەکی شاراوەی حکومەتی کاربەڕیکەر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەم پاڵاوگانە (نەوتی سپی یاخود بەنزین، یان هەر جۆرێکی تری سووتەمەنی)، دەیپاڵێون و دەیفرۆشن بە ئێران، ئەفغانستان، ئازەربایجان و ئەو وڵاتانەی دەوری هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە زوڵم و ستەمێکی مەترسیدارە کەلە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، گرنگە چۆن بەرپرسەکان سوودمەند دەبن لە نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاواش هاوڵاتییان لێی سوودمەندبن.
وریا حوسێن، باس لە دوو شێواز دەکات کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەتوانێت لەڕێیەوە سوود بە هاوڵاتییان بگەیەنێت:
یەکەم/ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو نەوت لە پاڵاوگەکان وەربگرێت و بیدات بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
دووەم/ فشار بخاتە سەر پاڵاوگەکان و نرخی ناوخۆیی تا ئاستێکی باش نزم بکەنەوە، تا خەڵک بتوانێت لە ئاستێکی گونجاودا نەوت بکڕێت.
ناوبراو پێشی وایە "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کارە بکات بۆ هاوڵاتییان شتێکی باش دەکات، بەڵام لە رابردوودا نەیکردووە و ئێستاش نایکات، ئێستا ئەوەی سوودمەندە لە نەوت؛ کۆمپانیای کارە و ئەوەی زەرەرمەندە هاوڵاتییانن.
بەرمیلێک نەوتی سپی ماڵان لەم وەرزی هاوینەدا بەچەندە؟
ساڵانە لە وەرزی هاویندا، نرخی نەوت دابەزین بەخۆوە دەبینێت، بەهۆی ئەوەی خواستی زۆری لەسەر نییە، بەڵام لە هاوینی ساڵی 2022ـدا نرخی نەوتی سپی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 260 هەزار دینار.
نها بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی ماڵان لە ئێستای وەرزی هاوین عوسمان مەحمود، فرۆشیاری نەوت لە بازاڕی ڕەش دەدوێنێت و ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ نها نیوز دەڵێت "ئێستا نەوتی سپی بەرمیلی بە 130 هەزارە، مەرجیش نییە تا پایز نرخەکەی بەرزببێتەوە، ڕەنگە تەنانەت داشببەزێت.
بەوتەی ئەو فرۆشیاری نەوتە بێت، نەوتەکەیان بەو مەرجە دەکڕن کە نەوتی بەغدایە و وەک خۆی دەڵێت، نەوتەکەی بەغدا "نەوتێکی باشە.
ناوبراو ئەوەش ئاشکرا دەکات، ئەو نەوتەی رەنگەکەی زەردە لە بازاڕ نرخی کەمترە بەراورد بەو نەوتەی رەنگی سپییە.
هەر لەوبارەیەوە بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری نەوت دەڵێت "نرخی نەوتی ماڵان بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی ئێستا حکومەتی هەرێم پاڵپشتی نەوتی ڕاگرتووە سەرەڕای ئەوەی ساڵانە نزیکەی 50 بۆ 60 ملیۆن لیتر دابەشدەکات، بەڵام کەمە، ئەو نرخەشی حکومەت دایناوە، بەراورد بە بازاڕ شتێکی وای فەرق نییە. پارساڵ بە 110 هەزار دابەشیکرد، بۆ ئێستاش لەم وەرزی هاوینە بە 130 بۆ 140 هەزارە.
"بەرمیلێک نەوتی سپی بۆ زستان ناگاتە 200 هەزار"
نها نیوز لە بەدواداچونەکانیدا زانیاری دڵخۆشکەری دەست دەکەوێت سەبارەت بە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی بۆ زستان کە نرخەکە هاوشێوەی ساڵی 2022 بەرزنابێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە وریا حوسێن پێشبینی دەکات "نرخی نەوتی جیهانیی جێگیر بێت و لە 80 دۆلار نەیەتە خوارەوە، لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە نێوان 150 بۆ 170 هەزار دینار دەبێت، مەگەر گۆڕانکارییەکی گەورەی جیهانیی ڕووبدات.
هاوکات بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری نەوت دەڵێت، لە بازاڕی رەش "ئێستا بەرمیلێک نەوت بە 120 بۆ 130 هەزار دینارە، چونکە ئێستا وەرزی نەوت نییە و هەمان نرخی ساڵانی رابردووە، پێشبینی دەکەم 150 بۆ 160 هەزار بێت لە زستاندا و لەوە تێپەڕ نابێت.
ئامادەکردنی: بەڵێن عەلی