راپۆرت

ئەو موشەکە مەترسیدارەی ئێران بۆردومانی ئیسرائیلی پێکرد چی بوو؟

نها نیوز – راپۆرت

ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشی زۆری داهاتەکەی تەرخانکردووە بۆ پەرەپێدانی هێزی بەرگریی و دروستکردنی مووشەکی جۆراروجۆر، بەڵام وەک دەوترێت بەو هەموو هەوڵانەوەی ئێران دەیاندات، هێشتاش ناتوانێت بگاتەوە بەتوانا سەربازییەکانی ئیسرائیل.

لێرەدا نها نیوز بەدواداچونی بۆ جۆرەکانی مووشەکی کروز کردووە کە تیایدا ئێران پشتی پێدەبەستێت بۆ پەرەپێدانی سوپای وڵاتەکەی و پەرپەچدانەوەی هەر ئەگەرێکی جەنگی.

جۆرەکانی مووشەکی کروز:

مووشەکەکانی کروز، بریتین لە سیستەمی هەڵدان لە دوورەوە، هەروەها بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە زەمینییەکان بەکاردەهێنرێن کە دەتوانرێت وەکو تەقەمەنی ئاسایی، ئەتۆمی، یان هایدرۆجین بەکاربهێنرێت.

جۆرەکانی مووشەکی کروز لە جیهان بریتین لە:
1ـ ئیريرسول ناوەند (فەرەنسی)
2ـ ئای جی ئێم - 28 هاوند دوگ (ئەمەريكی)
3ـ ئای جی ئێم -86 (ئەمريكی)
4ـ ئای جی ئێم 129 (ئەمریکی)
5ـ ئای جی ئێم 158 جاس (ئەمريكی)
6ـ خ-55 وخ-555 (رووسيا)
7ـ خ-101/خ-102 (رووسيا)
8ـ كاليبر- (روسيا)
9ـ براهموس (هند/رووسيا)
10ـ هاف-8 (رەعد) (پاكستان)
11ـ سی-802 (چین)
12ـ كيبيبد 350 (ئەڵمانيا/سويد)
13ـ بوبای (ئیسرائيل)
14ـ سوما (توركيا)

جۆرەکانی مووشەکی کروزی ئێرانی کامانەن؟ 

لەم راپۆرتەدا زیاتر تیشک دەخەینەسەر جۆرەکانی مووشەکی کروزی ئێرانی کە ژمارەیان 14 مووشەکە .

هەریەکە لە مووشەکی ئەبومەهدی، سۆمەر، قادر، قەدیر، میشکات، تەلائیە، زەفەر، پاوه، نصر 1 و نصر بصیر و نصیر، نور، هویزه و یا عەلی مووشەکە کروزە جەنگیەکانی وڵاتی ئێرانن.

ڕێکخراوی ناحکومی دەستەی کۆنترۆڵی چەک لە واشنتن دەڵێت "پڕۆگرامە موشەکییەکەی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە دیزاینەکانی کۆریای باکوور و رووسیا بەستووە و سوودی لە یارمەتی چین وەرگرتووە، هەروەها دەشڵێت "موشەکە مەودا کورت و مامناوەندەکانی ئێران بریتین لە موشەکی شەهاب – 1 کە مەوداکەی دەگاتە 300 کم، موشەکی زوڵفەقار مەوداکەی دەگاتە 700 کم، موشەکی شەهاب – 3 مەوداکەی دەگاتە 800-1000 کم، موشەکی عیماد-1 لە ژێر دروستکردندایە و مەوداکەی دەگاتە 2000 کم، موشەکی سەجیلیش لە ژێر دروستکردندایە و مەوداکەی دەگاتە 1500-2500 کم".

وردەكاری هێرشەكەی دوێنێی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل چۆن بوو؟

ئامانجی هێرشەکەی ئێران بۆردومانکردنی چەند پێگەیەک لە تەلئەبیبی ئیسرائیل بووە، هەروەها وەڵامی بۆردومانکردنی کونسوڵخانەی ئێران بووە لە دیمەشق.

هێرشەکە کاتژمێر 11:30ی شەوی شەممە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر بەردەوام بوو، کە تیایدا 330 درۆن و مووشەک بەکارهاتووە، لەو ژمارەیەش 185یان درۆن و 36 مووشەکی کرۆز و 110 مووشەکی سەرزەوی بووە، هەروەها دیاریترین درۆنە بەکارهاتووەکانی ناو هێرشەکە (شاهید – 136 و شاهید 149، درۆنی کرار و موهاجری 6) بووە، هەرچی مووشەکە بەکارهاتووەکانی هێرشەکەش هەیە (سجیل، خیبر، ئەلحاج قاسم، شەهاب 3، عیماد 1 و زوفقار) بووە.

لەبەرامبەر ئەو هێرشەش ئیسرائیل لە%99ی درۆن و مووشەکەکانی تێکشکاندووە کە زیاتر لە 70 درۆن و 100 مووشەکیان لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان خراونەتە خوارەوە.

وێڕای ناردنی ئەو ژمارە زۆرە لە درۆن و مووشەک ئیسرائیل رایگەیاند کە تەنیا یەک هاونیشتیمانیان بەسوکی بریندار بووە.

ئامادەکردنی: ئیمان زەندی   

 
2024-04-15
زیاتر...
123
Copyright © All rights reserved.