ئاژانسی نها : ژووری هەواڵ
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی نها لە بارەی دووبارە دەستپێكردنەوەی جموجۆڵەكانی داعش دەڵێت " داعش تا ئێستا بوونیان ماوە بەڵام ناوچەیەكەی دیاری كراویان بەدەستەوە نەماوە وتەنها گومان دەكرێت لە زنجیرە چیاكانی حەمرین و دەشتی حەویجەدا مابن".
لە بارەی رێكەوتن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان وتی " تا حكومەتی نوێی عێراق پێك نەهێنرێت و وەزیرە ئەمنییەكان دیاری نەكرێن و كابینە نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك نەیەت ، هیچ رێكەوتنێك ناكرێت لەبارەی پێكهێنانی هێزی هاوبەش لەنێوان هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ئەو ناوچانەی گومانیان لێ دەكرێت چەكداری داعشیان تێدا بێت" .
دەقی چاوپێكەوتنەكەی ئاژانسی نها :
ئاژانسی نها: رۆژی رابردوو كۆبوونەوەی مانگانەی وەزارەتی پێشمەر گە بە بەڕێوەچوو ، لەو كۆبونەوەیەدا باس لە چی كرا؟
جەبار یاوەر " لەسەرەتای هەموو مانگێكدا ئێمە كۆبونەوە دەكەین لەگەڵ سەرجەم راوێژكارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەرەكانی وڵاتانی هاوپەیمانی شەڕی داعش ، لەو كۆبونەوانەدا باس لە چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت و باسی تەواوی ئەو بەرەو پێشچونانە دەكرێت و كێشە و گیروگرفەتەكان و چارەسەرەكانیان گفتوگۆی لە بارەوە دەكرێت".
ئاژانسی نها: رێكەوتن هەیە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ئەو ناوچانەی چەكدارانی داعشی تێداماوە ؟
جەبار یاوەر" داعش لە عێراقدا تەنانەت گوندێكی بەدەستەوە نەماوە بەڵام لە ناوچە داشتاییەكان و زنجیرە چیاكانی حەمرین زۆرترین حەشارگەیان هەیە و لەو ناوچانەش تا ئێستا هیچ هێزێك جێگیر نەكراون ".
ئاژانسی نها: ئەی ئەو هێرشانە چین كە داعش دەیكات بۆ سەر گوند نشینانی ناوچە دابڕێنراوەكان ؟
جەبار یاوەر"وەك لە پێشتردا باسم كرد داعش هیچ ناوچەیەكی بەدەستەوە نەماوە ، تەنها بە شێوازی گروپی بچوك و لاواز شەڕی پارتیزانی دەكات و كاری تیرۆرستی وەك تەقینەوە و ڕفاندن ئەنجام دەدات".
ئاژانسی نها: باوەڕتان وایە داعش سەرچاوەی دارایی مابێت؟
جەبار یاوەر" داعش تەواوی سەرچاوە داراییەكانی خۆی لەدەست داوە و جگە لەمە داعش پێشتر بە رێگای نایاسی نەوتی دەفرۆشت و بیری نەوتی بەدەستەوە بوو بەڵام دوای ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە موسڵ و تەواوی ناوچەكان دژی داعش كرا لە ئێستادا هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە".
ئاژانسی نها: بەڵام زۆرێك لە فەرماندە سەربازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوە دەكەن كە هەرچی زووە پێویستە كۆنترۆڵی جموجۆڵەكانی داعش بكرێت؟
جەبار یاوەر: ئەوە راستە دەبێت تەواوی جموجۆڵەكانی داعش كۆنترۆڵ بكرێت ، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق پێكنەهێنراوە و وەزیرە ئەمنییەكان دیاری نەكراون تا بتوانین رێكەوتنیان لەگەڵ بكەین بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەگری عێراق ".
ئاژانسی نها:پێشتر رێكەوتن لە نێوان وەزارەتی بەرگی عێراق و هێزی پێشمەرگە یاخود بازگەی هاوبەش هەبووە؟
جەبار یاوەر " بەڵی پێشتر رێكەوتن هەبووە ، لە ساڵی 2007 تا ساڵی 2014 بەڵام لە ئێستادا كاری پێ ناكرێت و پێشتریش راپۆرتێكم ئامادە كردووە باسی تەواوی هێزە هاوبەشەكان دەكات لەو ساڵانەدا ".
ئاژانسی نها: باوەڕتان وایە دوای دانانی وەزیری نوێی بەرگری عێراق بتوانن رێكەوت لەگەڵ بەغداد بكەن؟
جەبار یاوەر" وەك لە ماوەی رابردووشدا باسمان كردووە ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە پێناو هاوڵاتیانی كورد ئامادەی رێكەوتینین بەڵام چاوەڕێ دەكەین تا دوای پێك هاتن و دروستكردنی كابینەی نوێی عێراق و هەرێم ".
ئاژانسی نها: كۆ تا وتەی بەڕێزت چییە؟
جەبار یاوەر" هیوادارم لەگەڵ حكومەتی عێراق بتوانین ئەو ئەركەی لەسەرمانە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی كورد و عەرەب بە باشی جێبەجێی بكەین بێ جیاوازی ".