دیدار

ئاری هەرسین: نەوەی نوێ حەقی خۆیانە خەو ببینن بە وەرگرتنی دەسەڵاتەوە


بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ نها نیوز، بەرنامەی 30 خولەک، زۆر پرسی گرنگ دەوروژێنێت و لەسەر مووچەی فەرمانبەران دەڵێت "منيش وەک هەر فەرمانبەرێک، مووچەکەم دوادەکەوێت.

نها نیوز: چۆن بوو سیاسەتت هەڵبژارد؟ چۆن دەستتپێکرد؟
ئاری هەرسین: سیاسەت بە قەناعەتی من نەک بۆمن، بۆ زۆربەی ئەوانەی سیاسەت دەکەن و چوونەتە دنیای سیاسەت لە کوردستان چۆیس (بژاردە) نەبووە، زەرووریەتێک بووە، واتە لە ناچاریدا بووە، لەوانەیە ئەگەر كوردستان دەوڵەت بووایە، قەت تەداخولی سیاسەتم نەکردایە.

نها نيوز: بۆچی هاتیتە ناو کاری سیاسەتەوە، لەکاتێکدا تۆ رۆژنامەنووسێکی زۆر باشبوویت؟
ئاری هەرسین: ئەوەیان وانییە، من رۆژنامەنووسێکی زۆر باش نەبووم، من تەنیا شتێکی کەمی لێدەزانم، رۆژنامەنووسێکی زۆر پرۆفیشناڵ نەبووم.

نها نيوز: لەکاتێکدا تۆ دەڵێیت رۆژنامەنووسێکی باش نەبووم، بۆچی هاتیتە ناو سیاسەت، گرنگیت بە کاری رۆژنامەنووسی بدایە باشتر نەبوو؟
ئاری هەرسین: رابردووی من زۆر جیاواز بووە، من لە تەمەنی 16 ساڵیدا بووم بە پێشمەرگە، هەروەها من لە خێزانێکی قەومی گەورەبووم، باوکم پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە، من لە شەڕ و ژێر بۆردومان گەورەبووم و ماڵی ئێمە مەدرەسەی بیروباوەڕی نەتەوەیی بوو، ئێمە بە بیروباوەڕی نەتەوەیی کۆشکرابووین.

نها نيوز: بارودۆخی لایەنگران و کادیری پارتی لەئێستادا چۆنە؟
ئاری هەرسین: بارودۆخی لایەنگرانی پارتی هەروەک خەڵکی ترە، خۆ کادیر و لایەنگرانی پارتی لە مەریخ ناژین، چۆن مووچەی فەرمانبەران دوادەکەوێت، هی ئێمەش دوادەکەوێت، وەزعی کادیرەکانی ئێمەش وەک وەزعی خەڵکە.

نها نيوز: چۆن بوویت بە بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان؟
ئاری هەرسین: لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بووم نە سەرۆکی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان.

نها نيوز: بوون بە بەرپرسی لقی چواری پارتی، دەرئەنجامی ئەوە نەبوو لە ماوەکانی رابردوو بانگەشەی ئەوەتان کرد دەستتان لە کار کێشاوەتەوە لەناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان؟
ئاری هەرسین: ئەو مەسەلەیە وانییە و دوورە لەوە، من ئیستیقالەم کرد لە حزب ساڵی پار، بەڵام جەنابی سەرۆک ئیستیقالەکەی منی قبوڵ نەکرد، بەڵام ئەمە پەیوەندیی نییە بەم ئیشەمەوە، من لە رابردوودا ئیشی تریشم هەبووە لەناو پارتیدا.

نها نيوز: لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بەوە دەکەیت، هەرگیز ناگەڕێیتەوە ناو ریزەکانی پارتی، لەکاتێکدا کاک مەسعود تەلەفۆنم بۆ بکات، ئایا ئەو پەیوەندییەت پێوەکرا؟
ئاری هەرسین: من قسەکانی خۆمم بیرە و وتومە من ئیستیقالەم ناردووە بۆ حزبی خۆم، بەڵام کاک مەسعود پێم بڵێت بڕۆ ناو ئاگر دەچم، من پارتیش نەبم ئەوە دەکەم، چونکە مەسعود بارزانی بە رەمزێکی نەتەوەیی دەبینم لە دەرەوەی پارتی بە مرۆڤێکی نیشتیمانپەروەر و رابەرێکی میللیی دەبینم، منیش قسەی هەموو کەسێکم پێ دەشکێندرێت بەڵام قسەی ئەو ناتوانم بشکێنم و جەنابیان ئیستیقالەکەیان قبوڵ نەکرد، وە جەنابیان پێیان وایە ئێمە لە سلێمانی دەورێکی ئیجابیمان دەبێت بۆ خزمەتی خەڵکی سلێمانی و بۆ پارتی، بۆیە ئەم ئەرکەی خستە سەر شانم.

نها نيوز: دۆخی ئێستای یەکێتی و پارتی چۆنە؟
ئاری هەرسین: دۆخی یەکێتی و پارتی بەداخەوە باشنییە.

نها نيوز: ئەم دۆخەی ئێستای یەکێتی و پارتی دروستیانکردووە هەر بەڕاستی وایە؟ یان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە؟
ئاری هەرسین: نەخێر هەر بەڕاستی دۆخی یەکێتی و پارتی باشنییە و پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە.

نها نيوز: هەست ناکەن ئیتر خەڵک لێتان بێزاربووە؟ باوی یەکێتی و پارتی ماوە؟ هەست ناکەن خەڵک بێزار بووە لەو دەموچاوانە، بێزار بوون لە حوکمڕانیی ئەم دوو دەسەڵاتە، چونکە خەڵک مافی ئەوەی هەیە حەزبکەن ئیتر رووخسارێکی تازە ببینن و مافی ژیانێکی ئارامیان هەبێت؟
ئاری هەرسین: کێ کەفالەتی ئەوە دەکات بێتە شوێنمان لە ئێمە باشتربێت؟ ئەمە یەک، دووەم خەڵک مافی خۆیەتی بە ئارامی بژی، ئێمە شۆڕش و پێشمەرگایەتیمان بۆ ئەوە کرد خەڵک بە خۆشی بژی، بەڵام تۆ لە ئابڵۆقەی ئابووریدا بیت، دوژمنەکانت لە چەند لاوە هێرش بکەنە سەرت، دەستکاریی قوتی خەڵکی کوردستان بکەن و دەوڵەتیش نەبین، ئیتر ئەوەی دێتە شوێنی ئێمە دەبێت لەو کەسانە بێت بتوانێت موعجیزە بکات، ئێ موعجیزەش ئیشی مرۆڤەکان نییە و ئیشی خوایە، لەبەرئەوە هەرکەسێک بێتە شوێنی ئێمە ناتوانێت موعجیزە بکات.

نها نيوز: پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن؟
ئاری هەرسین: پارتی هەمیشە ئامادەیە.

نها نيوز: کەواتە بۆ بایکۆت دەکەن؟
ئاری هەرسین: ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردنمان نەکردووە، ئێمە ناچینە هەڵبژاردنێکەوە دیزاین کرابێت و گەلەکۆمەکی بێت لە خەڵکی کوردستان.

نها نيوز: ئێوە خۆتان بە زۆرینە دەزانن؟ ترستان هەیە لە پاشەکشەی دەنگدەرانتان؟ يان بێتاقەتن لە کورسیی کۆتاکانی پەرلەمان؟ 
ئاری هەرسین: ئێمە لە خوا نەبێت لە هیچ شتێک ناترسین، نەخێر ئێمە ترسمان نییە یەکەم، دووەم یانزە کورسیی کۆتاکان تاپۆی رەشی پارتی نییە، هینی ئەو کەمینانەیە کە وەک میللەتی کورد مافی چوونیەکیان هەیە بۆ چێژوەرگرتن لە دیموکراسیی کوردستان، ئەوە چی ئیلاقەی بە پارتییەوە هەیە؟

نها نيوز: باوی حزب ماوە؟ یان باوی رێکخراوە؟
ئاری هەرسین: ئەگەر باوی حزب نەمابێت، من چۆن مەسئولی لقی چواری پارتی دەبم؟ لە هەموو دنیا و لە ئەمریکا و لە ئەوروپا کە خەڵک پێی موعجیبە و لە دووەلی ئەوروپا لە دووەلی عەرەبی لە ژاپۆن باوی ماوە، ئیتر بۆ لە کوردستان باوی نەمێنێت؟ تێناگەم.

نها نيوز: ئەمجارە هەڵبژاردن بە چوار بازنە دەستپێدەکات، بەپێی ئامادەکارییەکانتان و راپرسیی ناوخۆیی، دۆخی خۆتان چۆنە؟
ئاری هەرسین: زۆر باشە.

نها نيوز: ئەمجارەش زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستدەهێنن؟ لەکاتێکدا لەکاتی دەستبەکاربوونت دەڵێیت 100 کورسی بەدەستدەهێنین؟
ئاری هەرسین: بەڵێ، ئەمجارەش زۆرینەی کورسییەکان بەدەستدەهێنین، ئینسانی ئاقڵ کە بۆ مسابەقەیەک دەچێت، یان بۆ ئیمتیحان دەچێت، ناچێت بەس بۆ ئەوەی دەرچێت، بۆ ئەوە دەچێت دەرەجەی تەواو بێنێت، بەڕای من ئەوەی ساحێبی تموح و وزەیە، کە دەچێت بۆ ئیمتیحان بۆ سەد دەچێت، بۆ 80 ناچێت.

نها نيوز: کۆی ژمارەی ئەمجارەی پەرلەمان 100 کورسییە، ئێوە هەر سەد کورسییەکە بەدەستدەهێنن؟
ئاری هەرسین: بەڵێ ئێمە بۆ هەر 100 کورسییەکە دەچین، بەڵام ئەگەر 60 کورسی بەدەستبهێنین ئەوە شتێکیترە.

نها نيوز: ئەگەر ئێوە بۆ 100 کورسی بڕۆن، حزبەکانیتر مەگەر لەسەر تەپڵەک دانیشن، ئەم بانگەشەی 100 کورسییە هەست ناکەیت کەمێک موجامەلەیە؟
ئاری هەرسین: نەوەڵا شوێنی تەپڵەکیشیان نابێت دەچنە دەرەوە، بەدەستهێنانی 100 کورسیش هیچ موجامەلە نییە و موستەحیل نییە، زۆر قورسە ئەوە شتێکیترە، من بە قەتعی بۆ لقی چوار ئەتوانم ئەم قسەیە بکەم، وە دڵنیام هەڤاڵەکانمان لە شوێنەکانی تری هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوەن، ئێمە ئیمانمان بەوەیە کە یەکەمی کوردستان دەبین بە ژمارەیەکی باش.

نها نيوز: خەڵک بێزارە، خەڵک بێ مووچەیە، خەڵک دەڵێن بۆ ئەم دەنگدانە تۆڵە لە پارتی و لە یەکێتیش دەکەینەوە، بۆ ئەمە دەڵێیت چی؟
ئاری هەرسین: ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەتوانن دەنگ بدەن لە هەرێمی کوردستان، سەروو ملیۆنە، ناکرێت ملیۆنێک کەس ریزبووبن بڵێن هەق دەکەینەوە لە پارتی، خەڵک توڕەیە خەڵک هەقی خۆیەتی دەنگ بە ئێمە بدات، خەڵک هەقی خۆیەتی دەنگ بە ئێمە نەدات، چونکە ئەوەیە دیموکراسیەت، واتای ئەوە نییە کە دەنگت نەدا بە پارتی ئیتر ئینسانێکی خراپیت، من وەکو پارتییەک ئەگەر بەتۆم وت تۆ کاتێک ئینسانێکی باشیت، ئەوکاتەی دەنگ بە پارتی بدەیت، مانای وایە من هەقی دیموکراسیم لێ سەندویتەتەوە، مانای وایە بەتۆم وتووە تۆ بەس یەک چۆیست هەیە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێمە واناڵێین، ئێمە دەڵێین داوا لە خەڵک دەکەین متمانەمان باتێ بۆ ئەوەی ئەو ئیشە باشانەی تائێستا کردوومانە درێژەی پێبدەین، سەیری ئەودیو دێگەڵە بکە، جا دەزانیت مەبەستم چییە.

نها نيوز: یەکێتی دەڵێت، ئەمجارە ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ئێمە دەبێت، واتا ساڵی 2024، ساڵی یەکێتی دەبێت؟
ئاری هەرسین: کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە، برادەرانی یەکێتیش هەقی خۆیانە ئەو نەوعە ریکلامانە بۆ خۆیان بکەن، بەڵام هیچ کەس هەقی ئەوەی نییە کە داهاتوو بخوێنێتەوە.

نها نيوز: بۆ بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان دەڵێیت، ئێمە بە نیەتی سەد کورسی دەچین، بۆ یەکێتی چی دەڵێیت؟
ئاری هەرسین: من هیوادارم ئێمە سەد کورسی بێنین یەکێتی یەک کورسی نەهێنێت، بەڵام ئیشی ئێمە زۆر قورسە، بەدەستهێنانی 100 کورسی قورسە.

نها نيوز: ئێوە دەڵێن ئەو دۆخەی کە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەڕووی ئابووری و مووچەوە پارتی و یەکێتی دروستیان نەکردووە، ئەی کێ بەرپرسە لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسە؟
ئاری هەرسین: ئەزانی کێ بەرپرسە لەم دۆخەی کە هەیە، ئەو کەسەی کە پارەکەی لایە، ئەویش بریتییە لە حکومەتی عێراق، ئەوان بەرپرسن، وەزعی بازاڕ خراپە، ئەوە خەتای ئەوەیە کە پارە نایەت، کێیە کە پارە نانێرێت؟ بەغدایە.

نها نيوز: لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن ئەمجارە براوەی هەڵبژاردن دەبین و حکومەت دەگرینە دەست، بەتایبەتی نەوەی نوێ، ئەو هەڵسەنگاندن و پێشبینییانە لەجێی خۆیەتی؟
ئاری هەرسین: هەموو کەسێک هەقی هەیە هەموو خەوێک ببینێت، با نەوەی نوێش بیبینێت، ئەوانیش ئینسانن و هەقی خۆیانە.

نها نيوز: پارتی داوادەکات کە بە‌غدا مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، واتە مووچە بچێتە سەر بەغدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نین رێکارەکانی چوونی مووچە بۆ بەغدا جێبەجێبکەن، ئایا ئەمە مامەڵەیەکی دوولایەنە نییە؟
ئاری هەرسین: ئێمە لە ئەوەڵەوە لەگەڵ ئەوە نەبووین مووچە لە بەغداوە بێت، ئەوە هەموو دیکۆمێنت و ئەرشیڤی راگەیاندنەکان دیارن.

نها نيوز: هەمیشە گلەیی دەکەن دەڵێن وەکو پارتی لە سلێمانی بەشداریی دەسەڵاتمان پێناکرێت، بەڵام لایەنەکانی تریش وەک ئۆپۆزسیۆن و گۆڕان و یەکێتیش دەڵێن لە هەولێر ئێمەش بەشداریی دەسەڵاتمان پێناکرێت؟
ئاری هەرسین: جارێ ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن خۆیان لە دەرەوەی دەسەڵاتن، ئەوەی ئەمێنێتەوە ئێمەین، یەکێتییە حزبی سۆشیالیست و بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێک لە کەمینەکان کە لە حوکماین، کەی یەکێتی هاتووە بڵێت کاکە با تەوزیعی دەسەڵات پیابچینەوە بە هاوبەشی لە دەربەندیخانەوە تا زاخۆ، ئەوان خۆیان ئامادە نین و خۆیان جیا کردووەتەوە، زۆنی سەوز بە مەنتیقەی خۆیان ئەزانن بە نەزەری جیایان کردووەتەوە و تەقریبەن بە عەمەلیش خەریکە وای لێدەکرێت کە بە تەواوی جیابکرێتەوە.

نها نيوز: ئێمە ئێستا مووچە لەدەست خۆمان نەماوە، پەرلەمان نەماوە، بەڵام قەوارەی هەرێم بوونی ماوە، بۆچی بە گواستنەوەی مووچە بۆسەر بەغدا، قەوارەی دەکەوێتە مەترسییەوە؟
ئاری هەرسین: ئەزانی چۆنە، تۆ بۆ ئەوەی بتوانیت کۆمەڵگەیەک بخەیتە ژێر دەستی خۆت، موهیمترین نوقتەی زوعفی کە بیگریت بریتییە لە قوتی ئەو کۆمەڵگەیە، کە تۆ ئەوەت گرت، دەتوانیت تەحەکومی پێوە بکەیت لەبەرئەوەی ئینسان بۆ ژیان پێویستی بە نانخواردنە، بۆ ئەوەی پێبکەنێت پێویستی بە خۆشگوزەرانییە، ئەمانە پێویستی بە پارەیە، ئەگەر ئەمە لەژێر دەستی زاڵمێکدا بێت کە هەرکات ویستی بۆت بەکاربهێنێت لە دژت، ئیتر ئەوە موسیبەتە وات لێدەکات ئەوەتا ژیان وای لێهاتووە هەندێک کەس هەن لە سلێمانی بۆ نمونە دەڵێن ئێمە دژی "هەژماری من"ـین، کە پرۆژەیەکی خۆماڵییە وە لەگەڵ ئەوەی هینی عەرەبە شۆڤێنیستەکەی لە بەغدا ئەگەر لێیان پرسی بۆوا دەکەیت؟ دەڵێت لەبەر ئەوەی مووچەم نییە، ئەگەر لێی بپرسی بەم کردەوانەی کە ئەیکەی دوایی کەرامەتی قەمیت ئەفرۆشیت، ئەڵێت ئەگەر مووچەم هەبێت کەرامەتی قەومیم بۆچییە؟ ئێ منیش پێی ئەڵێم خۆ سەدامیش مووچەی ئەدا ئەی ئەوسا کەرامەتی قەومیت بۆ چی بوو؟ ئەی بۆ بوویت بە پێشمەرگە؟ ئەی بۆ چوویتە شاخ؟ ئەی بۆ کوڕەکەت ئیعدامکرا؟ ئەی بۆ تەعدا لە خوشک و دایکت کرا لە ئەمنە سوورەکە بۆ مووچە بوو؟

نها نيوز: قسەیەک هەیە دەڵێن، پارتی و یەکێتی لەوە دەترسن مووچە بچێتە بەغدا، ئیتر ئەو دوو هێزە ناتوانن مووچە وەکو کارتێکی چاوسوورکەر لە هەرێمی کوردستان دژی فەرمانبەران لە دەنگداندا بەکاریبهێنن؟
ئاری هەرسین: ئەمە قسەی خەڵکی پۆپۆلیستە، لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی من بە ناوی یەکێتییەوە خۆ من یەکێتی نیم، بەڵام چ پارتی و چ یەکێتی و چ هەر حزبێکی سیاسی کە لە حوکمدا بووە، لە هەرێمی کوردستان هەرگیز بە خەونیش بیری لەوە نەکردووەتەوە خوانەکردە مووچە بەکاربهێنێت وەک کەرەستەیەک، وەکو چەکێک بۆ چاوسوورکردنەوە لە خەڵکی کوردستان.
2024-08-03
زیاتر...
1
Copyright © All rights reserved.