دیدار

د.ماجد خەلیل: لای حزبە ئیسلامییەكان پرسی كورد لاوەكییە

نها نیوز – چاوپێكەوتن

د.ماجد خەلیل، مامۆستای زانكۆو شارەزا لە بواری مێژوو لە چاوپێكەوتنێكدا تایبەتدا لەگەڵ نها نیوز رایگەیاند: ئیسلامی سیاسی لە كوردستان، خۆی لە دابەشبونێكی زۆر ترسناكدا دەبینێتەوە، چونكە سەرجەمیان سەر بەمەدرەسەی ئیخوانی و مەدرەسەی سەلەفی جیهادی و نا جیهادین و  دوور تا نزیك لەگەڵ مەسەلەی كورد بوون و كلتوری جوگرافی كوردستان و پێكهاتە ئاین و نەتەوەییەكانی كوردا شوێنیان نەبووەتەوەو پرسی كوردی لەلایان پرسێكی لاوەكییە".
 
دەقی چاوپێكەوتنەكە:

نها نیوز: سەرەتای دروستبونی حزبە ئیسلامییەكان بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟ لەكوێوە هاتونەتە كوردستان؟ ئەو حزبە ئیسلامییانە بەتایبەت لەڕووی بیرو باوەرەوە ئەوانەن كە ئێستا لە كوردستاندا بونیان هەیە؟
د. ماجید خەلیل: جوڵانەوەی ئیسلامی لە كوردستان باكگراوندێكی زۆر دوورو درێژی نیەو لە پەنجاكانەوە رێكخستنەكانیان هاتووەتە كوردستانەوەو لەحەفتاكانەوە لەچالاكیدان، لەموسڵەوە هاتونەتە هەڵەبجەو سلێمانی و كەركووك و بەرە بەرە بڵاوبونەتەوە و لەڕێگەی حزبی ئیسلامی عێراقییەوە، لینكیان لەگەڵ كۆمەڵێك زانای ئاینی لە كوردستان دروست كردووە.
خاڵی بەهێزی ئەم جوڵانەوەیە لە هەشتاكاندا سەرهەڵدەدات و ماڵباتێكی ئاینی مەلا عەبدولعەزیزی پریسی (كوڕو نەوەكانی)، كە شێخ عوسمان عەبدولعەزیزو  مەلا عەلی عەبدولعەزیز و مەلا عومەر عەبدولعەزیزو مەلا سدیق عەبدولعەزیز بوون، ئەم چوار برایە دەبنە هەڵگری جوڵانەوەی ئیسلامی كە ئیخوانییە.

نها نیوز: ئەم حزبانە لەسەرەتاوە چۆن كاریان دەكردو كێ پشتگیری دەكردن؟
د. ماجید خەلیل: لە هەشتاكانداو لەكاتی جەنگی عێراق و ئێران، رێك لە ساڵی 1987دا هەڵوێستی جوامێرانەو گەورە دەنوێنن و رووبەرووی ستەمكاری بەعس دەبنەوەو ئاوارەی ئێران دەبن و لەوێ ئێران كۆمەكیان دەكات و بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق كە بزتنەوەیەكی چەكدارییە دژ بەحزبی بەعس رادەگەیەنن و رۆڵێكی گەورەیان لە راپەڕیندا دەبێت.
دواتریش كە لەساڵی 1992 حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەمەزرێت، ئەمانە بەشداری دەكەن، بەڵام پێگەیەكی جەماوەری ئەوتۆیان نیەو ناتوانن لە حكومەتدا بەشداربن.
ئەم جوڵانەوەیە، لەسەروبەندی روبەروبونەوەی جەنگی ناوخۆدا، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی رووبەڕووی جەنگەكە دەبنەوەو كاتێك ئەمانە دەردەپەڕێنرێن لە كوردستان، دیسان جارێكی دیكە ئێران لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا چالاكیان دەكاتەوە، دوو هێزی  سیاسی ناچەكدار رادەگەیەنن كە بزوتنەوەی راپەرینی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانن كە هێڵێكی ئیخوانییە بە ئەمیرایەتی سەڵاحەدین محەمەد بەهادین رادەگەیەنرێت.

نها نیوز: بەپێی مێژووی دروستبونیان هیچ كاریگەرییان لە جەنگە ناوخۆییەكاندا هەبووەو توانیویانە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان بەكاریبهێنن؟ چۆن كاریان بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگە كردووە؟
د. ماجید خەلیل: ئەم هێزانە بەدرێژایی نەوەدەكان، لەجەنگەكانی ناوخۆدا وەك بزوتنەوەی ئیسلامی بەشدار دەبن، پانتاییەكیان بۆ دەڕەخسێت كە جەماوەری زیاتر بلكێت پێیانەوەو لەلایەن دەزگا خێرخوازییەكانەوە پشتیوانی دەكرێن و منداڵی نەدار و بێ سەرپەرشت لەخۆ دەگرن.
كەموكوڕییەكانی سیستمی سیاسی دەقۆزنەوەو تاڕادەیەك دەبنە هێزێكی بەربڵاو و دەتوانن حزبە سیاسییەكانیان پێكەوە تێكڕای 15 كورسی لە كۆی 100 كورسی  پەرلەمان بەدەستبهێنن.

بەدەر لەوەش ئێستا ئایدیا و مۆراڵ و ئەتەكێت و شێوازی بیركردنەوەیان لەناو گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا یەكجار بڵاوبووەتەوەو وەك كاریگەریان لەسەر بیركردنەوەی خەڵك و چەقبەستوی كۆمەڵی كوردی دروستكردوە.
تەنانەت وایان لێهاتووە حزبە گەورە سیاسیە نیشتمانە سۆشیال دیموكراتییەكان تەقلیدیان دەكەنەوە، هێزێكی وەك یەكێتی كە پێشتر لە سەنگەری توندڕەوی حزبی ئیسلامیدا بوون، ئێستا لەخۆیان زیاتر رادیكاڵ و چەقبەستوون، لەسەروی ئەوانیشەوە ئامێزی بۆ سەلەفییەكان كردووەتەوە، مەرایی میتۆدی ئیسلامییەكانیش دەكەن.
زۆر پۆلیستانە ئامێزی بۆ شێوازی شكلی ئیسلام گەراكان كردووەتەوە، بەبێ ئەوەی رەچاوی ئەو پرەنسیپ و میتۆدە جوانانە بكات كە لەسەری دروستبووە، كە بەتێكڕا پرەنسیپی رۆشنگەرایی بوون.

نها نیوز: حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن و بەچ ئاڕاستەیەك كار دەكەن، بەو پێیەی زۆرترین رەخنە كە رووبەڕوویان دەبێتەوە دەوترێت، رەوتی سەلەفی و ئیخوانییەت پەرەپێدەدەن؟ تاچەند گرنگی بە پرسی كورد دەدەن؟

د.ماجید خەلیل: ئەم هێزانە كە زیاتر هێزی ئیخوانین، لە كاردانەوەیاندا بۆ رووداوەكان تەواو دەردەكەوێت كە هۆگری هێزە ئیسلامییەكانی دەرەوەن، لایەنگری و لۆژیكیان لەگەڵ رەوتی ئیسلامگەری و توركی و ئێرانیەكان و ئیخوانی میسردان و قەزییەی فەڵەستینن.
دوور تا نزیك لەگەڵ مەسەلەی كورد بوون و كلتوری جوگرافی كوردستان و پێكهاتە ئاین و نەتەوەییەكانی كوردا شوێنیان نەبووەتەوە، بازنەی بیركردنەوەیان بەجۆرێكە كە تەنها ئیسلامی سوننی لەخۆدەگرێت.
كێشە نیە كە ئەو ئیسلامییە سوننییە خەڵكی حەویجە بێت، بەنمونە خانەقینیەكی شیعە ئەگەر بشیەوێت، ناتوانێت ببێت بە ئەندامێكی یەكگرتوو، كە ئەوە تایبەتمەندی هێزە ئایدۆلۆژییەكانە، روونیشە ئەمانە ئایدۆلۆژی نەبن هیچ هێزێكی دیكە مانای نییە.
ئێمە سەرقاڵی توێژینەوەیەن لەسەر رێكخستنە سیاسییەكان بۆیە دەبینین و دەزانین و هەڵوێستەكانمان كۆكردووەتەوە، پرسی كوردی لەلایان پرسێكی لاوەكییە، بەمانای كەلیمە لاوەكییە، لە ئاقاری سیاسی ئەواندا شوێنی نابێتەوە، لە ئەمڕۆدا هەڵوێستی ئەوان نەرێنییەو ناتوانین بڵێین نیشتیمانییە، چونكە بەئاشكرا بابەتی توندڕەوی لە تەفكیرو تێڕامانی توراسیاندا دەخوێنینەوە.

نها نیوز: هەبوونی ئەو حزبە ئیسلامیانە تاچەند بۆ كۆمەڵگەی كوردی و سیاسەتی كوردستان گرنگن؟ مەترسییان چییە؟
د. ماجید خەلیل: بەگشتی و بەبڕوای ئێمە بونیان پێویستەو گرنگە بۆ فرەیی فكری و فەلسەفەی سیاسی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام دەبێت سیستمێكی سیاسی یان دەستورێكی سەرووی سیاسەتی ئەوان هەبێت كە جڵەویان بكات، وەك چۆن هەر هێزێكی دیكە كە چەپ بێت یان راست دەبێت جڵەو بكرێت، بۆ ئەوەی هێزی توندوتیژو توندڕەویی و هێزی  رێگریی لە لۆژیكی دیموكراسی دروست نەبێت.

نها نیوز: بەو پێیەی دەزانین حزبە ئیسلامییەكانیش لە كوردستان لەژێر چەندین ناودا دابەشبوون، پێتانوایە ئەو دابەشبونانە باشن یاخود خراپ؟

د.ماجید خەلیل: ئیسلامی سیاسی لە كوردستان، بەتێڕامانی ئێمە خۆی لە دابەشبونێكی زۆر ترسناكدا دەبینێتەوە، چونكە هێز گەلێكمان هەن، كە سەر بە مەدرەسەی ئیخوانین و هەمانە سەر بە مەدرەسەی سەلەفی جیهادی و نا جیهادین.
ئەوەی تێبینی كراوە خولانەوەیەكی خۆماڵی دیندارانەی كوردی نابینین، وەك ئەوەی كە ئەحمەدی موفتی زادە، بانگەشەی بۆ دەكرد، بەڵكو بەپێچەوانەوە ئەوان دژی هەموو ئاڕاستەیەكی كوردیانەن، دژی بیركردنەوەی ناسحی سوبحانیانەن، چونكە ئەوان كار بە مەنتق دەكەن، دژی موفتی و مەكتەبییەكانن، ئەوان مەنتق لەلایان لاوازەو عیرفان و تەسەوف شوێنی نابێتەوە، ئەندێشەی كوردی بونی نیە. 
ئەم شتانەش ئاسایی نین، چونكە ئەوان سەر بە مەدرەسەیەكی فیقهین، باوەڕیان بە ئیسلامێكی تەشریعی هەیە، كە یاسا دەردەكات و باوەڕیان بە نەهی لەمونكەر و  دابەشكردنی كۆمەڵگەیە بۆ رەش و سپی، كۆمەڵگەی سپی لە رەش جیادەكەنەوە، پێویستیان بەڕێككەوتن و سازان و لێكتێگەیشتن نییە، رێك وەك ئەو ئەو سەدان هێزانەن كە لە سوریا هەن، كە هەر یەكەیان باوەڕی بە ئەوەی دیكە نییە، واتە خەسڵەتی خاوەندارێتی تەكفیری لەبیركردنەوەی ئەمانەدا بەئاشكرا هەیە.

پرۆفایل:
دكتۆر ماجید خەلیل، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایە لەبواری مێژوی كورد، لە بەشی فەلسەفەو توێژینەوە كلتورییەكان لە زانكۆی سلێمانی مامۆستایە، لە بواری نوسین و وەرگێڕاندا خاوەنی زیاتر لە بیست و پێنج كتێبە.

ئامادەكردنی:ش.ح


2024-03-07
زیاتر...
1
Copyright © All rights reserved.