لێبڕینی مووچەی ئەم توێژە راگەیەندرا
نها نیوز – هەواڵەکان
هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانی بۆ گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی حەوت، بڕیاری لێبڕینی 3%ی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. کە ئەو لێبڕینەش پەیوەستە بە مووچەى بنەڕەتى فەرمانبەر لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا.
یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی بەمیدیاکانی راگەیاند "لێبڕینی 3%ی مووچەی فەرمانبەران لە مانگی تەمموزەوە جێبەجێ دەکرێت، بەشێک لە فەرمانگەکانیش لێبڕینەکەیان دەکەوێتە مانگی ئاب".
ئاماژەی بەوەشدا، لێبڕینەکە لە خانەنشینان راستەوخۆ لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمموزدا دەبڕدرێت.
جێی ئاماژەیە، ئەم لێبڕینە بۆ گێڕانەوەی جیاوازیی بەشداریی خانەنشینییە بۆ ماوەی 10 ساڵی رابردوو (لەسەرەتای 2014 تاوەکو ناوەڕاستی 2024). ماوەی گێڕانەوەکەی بەم شێوەیە دەبێت:
فەرمانبەران: کۆی قەرزەکە لەسەر مووچەی بنەڕەتییان لە ماوەی 36 مانگ (3 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە.
خانەنشینان: کۆی قەرزەکە لەماوەی 60 مانگ (5 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە.
هەروەها لێبڕینی خانەنشینیش بەمشێوەیە دەبێت:
یەکەم/ لێبڕینی رێژەی 3% لە مووچەی فەرمانبەران لە 01-01-2014 تاوەکو 30-06-2024.
دووەم/ لێبرێنی رێژەی 3% لە مووچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان؛ ئەوانەی ئێستا خانەنشینن و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە لە رێکەوتی 01-01-2014 تاوەکو رێکەوتی دەست لەکار هەڵگرتن و هەواڵکردنیان بۆ خانەنشینی.
سێیەم/ بڕی پارەی کەڵەکەبوی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەکو قەرز تۆماردەکرێت لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان.
چوارەم/ قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی سێیەم، لەماوەی سێ ساڵ بۆ فەرمانبەر و ماوەی 5 ساڵ بۆ خانەنشینان پاکتاو بکرێت.
پێنجەم/ ئەم لێبڕینە لە 01-06-2025 دەستپێدەکات تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارەکە هی وەزارەتی دارایی عێراقە و بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، مووچەى بنەڕەتى هەر 10 ساڵەکە کۆدەکرێتەوە، پاشان لە 3% لە سەرجەمى بنەڕەتى دەردەکرێت و فەرمانبەران بە 36 مانگ و خانەنشینان بە 60 مانگ لێیان وەردەگیرێتەوە.
|