لەبەغداوە دوو مەترسی گەورە لەسەر مووچەی مانگەکانی داهاتوو ئاشکراکرا
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێکی دیکە لەو بڕگانەی کە دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت تەوتینی مووچەیە، هاوکات ئەندامێکی پەرلەمانی بەغداش بە نها دەڵێت "جگە لە رێککەوتنە سێقۆڵیەکە، رێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی نەکراوە".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سەرەڕای ئەوەی لەماوەی پێشوو حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی بەرهەمهاتووی رادەست نەدەکرد، حکومەتی عێراق پابەندبوو بەخەرجکردنی مووچە لەوانەیە مانگێک یان دوو مانگ دواکەوتبێت، بەڵام لەوە زیاتر نەبووە."
وتیشی "ئەگەر وەزارەتی سامان سروشتییەکان بەردەوامبێت لەرادەستکردنی نەوت لەبەرامبەردا بەدڵنیاییەوە مووچە دەنێردرێت ".
سەبارەت بە مەترسی دیکە بۆسەر مووچەی مانگەکانی داهاتووش؟ غەنی دەڵێت "چەند بڕگەیەکی دیکە لەبارەی مووچەوە هەیە کە دەبێت حکومەتی هەێم پابەند بێت، ئەویش تەوتینکردنی مووچەیە".
لایخۆشییەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ نها نیوزی ئاشکراکرد "رێککەوتنی سێقۆڵی تەنیا بەشی نەوتە؛ بەشی دیکە ماوە کە داهاتی نانەوتییە، ئەگەر هەرێم یان بەغدا هەر لایەنێکیان پێیانخۆشبێت دەتوانن کێشە دروستبکەن، بەڵام ئەم ماوەیە هەردوولا پێویستیان بەیەکتر هەیە، هەربۆیە لەوبڕوایەدا نییم بەربەست دروست ببێت و ئەو بابەتەش چارەسەر دەبێت".
|