نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەزاری تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ دەڵێت "مووچەی شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵی هەموو مووچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دابینکراوە و نافەوتێت". بەڵام ئەو ئەندامەیە بەربەستێکی بچووک ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لایەنێکی بەغدا و هەرێم "پێیان خۆشبێت" دەتوانن کێشە بۆ داهاتی نانەوتی دروست بکەن، چونکە رێککەوتن هێشا لەسەری نەکراوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بەوە ئایا رێککەوتنە سێقۆڵیەکە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ لەلێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی راگەیاند "ئەوەی من تێدەگەم ئەو رێککەوتنەیە تاوەکو بودجەی 2026 دێت بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوان دەتوانن لەوێدا هەمان رێککەوتن جێگیربکەنەوە و لە رەشنوسەکە دابنرێت و بهێنرێتە پەرلەمان".
لەبارەی فەوتانی مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵیش، جەمال کۆچەر کە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیشە دەڵێت "خۆم پرسیارم کردووە لە تەیف سامی و وتی؛ وەکو عێراق مووچەی هەموو مووچەخۆرانی دەوڵەت دابینکراوە، وتم ئەی مووچەی هەرێم؟ وتی؛ بەڵێ هەرێمیش و هەموو ئەو مانگانەی ماوە دابینکراوە".
لەسەر ئەوەی ئایا ئەگەر هەیە بەربەست بۆ مووچەی ئەو شەش مانگە دروست بکرێت؟ ناوبراو ئاشکرایکرد "رێککەوتنی سێقۆڵی تەنیا بەشی نەوتە؛ بەشی دیکە ماوە کە داهاتی نانەوتییە، ئەگەر هەرێم یان بەغدا هەر لایەنێکیان پێیانخۆشبێت دەتوانن کێشە دروستبکەن، بەڵام ئەم ماوەیە هەردوولا پێویستیان بەیەکتر هەیە، هەربۆیە لەوبڕوایەدا نییم بەربەست دروست ببێت و ئەو بابەتەش چارەسەر دەبێت".
پەیوەست بە هاتنی مووچەی مانگی 7ـیش جەمال کۆچەر وتی "پێویستە عێراق تەمویلی مووچە بکات، چونکە گاز هەناردەکردنەوەی دەستیپێکردووە، هەروەها هەرێمیش 120 ملیارەکەی رادەست کردووە، هەربۆیە لەم هەفتەیەدا دەبێت پارە بێت".