گەورەترین زیان لە نەوتی عێراق دەدرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە 25 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کوردستان و قەبارەى ئەو زیانە ماددییەى بەهۆى ڕاگرتنى نەوتەوە بەر عێراق کەوتووە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی بلومبێرگ وت "بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە کە بەگوێرەی خەمڵاندنەکان لەنێوان 22 بۆ 25 ملیار دۆلاردایە و لەئێستاشدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە قۆناغی کۆتایدایە".
دەشڵیت "هەرێم چاوەڕوانی وەزارەتی نەوتی عێراقە، هەروەها کۆمپانیای سۆمۆ کە کاری بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقە جەختی لە قۆناغی کۆتایی ڕێکكەوتنەکە کردووەتەوە".
پێشتریش میدیاکان بڵاویانکردەوە، حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم و عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ڕێککەوتوون و ئەمڕۆ دەستکراوە بەکارە تەکنیکییەکان و لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ڕێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
|