لیستی مووچەی مانگی 4 رەوانەی بەغدا کرا
نهانیوز-هەواڵەکان
بە پێێ راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە لیستی مووچەی مانگی 4 رەوانەی بەغدا کرا.
لە راگەیەنراوەکەی دارایی هەرێم هاتووە" ڕۆژی سێ شەممە ( 22 ی نیسانی 2025) لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی یەک شەممە ( 20 ی نیسانی 2025) ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازار ( میزان المراجعة ) و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024( الحسابات الختامیة ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.
هەر ئەمڕۆش بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازاری ساڵی ( 2025) کە بڕەکەی ( 48،205،765،000 ) چل و هەشت ملیارو دوو سەدو پێنج ملیۆن و حەوت سەدو شەست و پێنج هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
|