وەزارەتی دارایی: لە لیستی مووچە هیچ بیانوویەکمان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەهێشتووەتەوە
نها نیوز-هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ تاوەکو کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمانگەکان، سەرجەم وەزارەت و یەکە ئیدارییەکان لیستی مووچەی مانگی چوار بە سیستمی پەیڕۆڵ، رەوانەی وەزارەت دەکەن.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، بە میدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم دەچێتە بەغدا، و لیستی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی مووچەخۆرانی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیستی مووچەی مانگی چوار لەسەر بنەمای لیستی مووچەی هەر سێ مانگی یەک، دوو و سێی ئەمساڵ ئامادە کراوە، بۆیە بێ کەموکورتییە و هیچ بیانوویەکمان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەهێشتووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەگەڵ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار بە بەغدا، وەفدەکەی هەرێم داهاتی نانەوتیی مانگی سێ-یش رادەستدەکات.
چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنى مووچەى مانگی چواری مووچەخۆرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە بکەوێتە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو.
|