نها نیوز – هەواڵەکان
میدیای گۆڕان بڵاویکردەوە، سبەینێ لیستی مووچەی مانگی چوار رەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەکرێت، دوای تەواوکردنی وردبینی شاندێکی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا لیستەکە دەبەنە بەغدا.
میدیای گۆڕان لەزاری سەرچاوەیەکیەوە رایگەیاند "لیستی مووچەی مانگی چوار کەبە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەکراوە سبەینێ یەکشەممە لەلایەن گەنجینەکانەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەکرێت".
سەرچاوەکە راشیگەیاند "بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری سەربە وەزارەتی دارایی هەرێم دوو بۆ سێ رۆژی پێویستە بۆ وردبینی لە لیستەکە و دەرکردنی خەرجی و داهاتی مانگی سێ و ئامادەکردنی میزان موراجەعە (تەرازوی پێداچونەوە)".
هەر بەگوێرەی میدیای گۆڕان، چاوەڕواندەکرێت رۆژی سێشەممە لیژنەی تەکنیکی لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی هەرێم بچێتە بەغدا و لەگەڵ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار، خەرجی و داهاتی مانگی سێـش رادەستی بەغدا بکات.
بەوتەی سەرچاوەکە بێت، لەدوای 25ـی ئەم مانگە و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵ پارە بخاتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی سێ مانگە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە یەک گوژمە پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و لە 957 ملیار بۆ 958 ملیار دینار تێپەڕی نەکردووە، بۆ ئەم مانگەش هیچ بڕە پارەیەک بۆ لیستی مووچە زیادی نەکردوە، هەروەها بڕی 100 هەزار دیناری خانەنشینانیش کە لە مووچەکانیان بڕابوو بەهۆی ئەوەی لە بەغدا خەرج ناکرێتەوە، خانەنشینانی هەرێمیش بۆ ئەم مانگەش ئەو بڕە پارەیە ناخرێتەوەسەر مووچەکانیان.