ئابوری

گۆڕانکاری لە لیستی مووچەی مانگی چوار دەكرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، لە سیستەمی (پەیرۆڵ) بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی چوار گۆڕانكارییەك كراوە.

یادگار جەبار، بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وت "وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە وەزارەت و گەنجینە و یەكە ژمێریارییەكان كردووە، ژمارەی ئەندامانی ئامادەكردنی لیستی مووچە لە سیستەمی (پەیرۆڵ) كەم بكرێتەوە".

لە دوو مانگی پێشوودا، لە سیستەمەكەدا هەر فەرمانگەیەك پێنج كەسی دەیانتوانی لیست ئامادە بكەن، بەڵام ئێستا بۆ دوو كەس كەم كراوەتەوە.

ناوبراو وتیشی "رێكخەری لیستی مووچە لەگەڵ وردبینەكە هەر دەبێت هەبێت، بەڵام بەڕێوەبەری ژمێریاری و بەڕێوەبەری فەرمانگەكە و بەڕێوەبەری وردبینی ئاساییە پەسندیشی نەكەن، واتا هەر فەرمانگەیەك بیەوێت ئەو سێ كەسە پەسندی نەكەن دەتوانێت بیكات و رەوانەی گەنجینەی بكات، بەڵام ئەوە بە مەرج دەكرێت".

سەبارەت بە مەرجەكە یادگار جەبار ئاشکرایکرد "دەبێت فەرمانگەكە نوسراوێك بۆ ئێمە بكات، چەند كەسیان بوێت ئێمە لایدەدەین، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی رۆتینەكان و خێراتركردنی ئامادەكردنی لیستی مووچەیە".

ئەو بەرپرسەی بایۆمەتری زیاتری رونکردەوە "لە رۆژی 10/4/2025ەوە، سیستەمی (پەیرۆڵ) كارایە، ئاماژەی بەوەشدا "لە رۆژی یەكەمدا كەمتر لە كاتژمێرێك سیستەمەكە ڕاوەستا، بەردەوام سیستەمەكە كارایە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار".

"دەبێت تاوەكو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئامادەكردنی لیست تەواو بكرێت، دەبێت هەر لەم هەفتەیەدا گەنجینەکانیش وردبینی تەواو بکەن و لیستەکان پەسەند بکەن". بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی وای وت 

لایخۆشییەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستانەوە راگەیاند "ئەو گۆڕانكارییەی لە سیستەمی (پەیرۆڵ) كراوە بۆ ئەوەیە، رۆتین كەم بكرێتەوە و لیستەكە خێراتر ئامادە بكرێت، ئەو رێكارەش بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری كراوە".

باسی لەوەشکرد "ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و دواتر شاندێکی وەزارەتی دارایی لیستی مووچە دەبەنە بەغدا".
2025-04-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.