نها نیوز – هەواڵەکان
دوای ئەوەی دوێنی سێشەممە وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە و، ئەمڕۆ چوارشەممەش دەست بەدابەشکردنی کرا و پاشان کێشە بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێم دروستبوو بەجۆرێک کە 100 هەزاری بژێویی کە بە "مینحە"ش ناسراوە لە خانەنشینان بڕدرا، نها نیوز بۆ ئەو بابەتە ئەندامێکی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەدوێنێت، بەڵام ناوبراو هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەری ئاشکرانەکرد.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو، لەبارەی هۆکاری لێبڕینی 100 هەزار "مینحە"ی خانەنشینانی هەرێم قسە بۆ نها نیوز دەکات و دەڵێت "کۆمەڵێک کێشە و گرفت هەبوو لەنێوان هەرێم بەغدا یەکێک لەو دۆسیانە بریتیبوو لە خانەنشینان، بەڕێز سودانی پار بڕیاریدا 100 هەزار بۆ هەر خانەنشینێک خەرجبکات، ئەمەش بڕیارێکە بۆ ساڵی 2024ەو جێبەجێکراوە، ئێستا خانەنشینان مووچەی مانگی یەکی 2025یان وەرگرتووە ئەم بڕیارە تازە نەکراوەتەوە ئەویش ئایا سەرۆک وەزیران بۆ ئەمساڵیش تازەی دەکاتەوە یان نا ئەمە کەیسێکەیە، چونکە وەزارەتی دارایی پێویستی بەبڕیاری سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ خەرجکردن و نوێکردنەوەکەی".
بەوتەی سێکانیانی بێت، کێشە گەورەکەی کە دروستبووە بۆ خانەنشینانی هەرێم ئەوەیە کە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی دەڵێن؛ ئەو خانەنشینانەی هەرێم لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە دەریکردووە کە یاسای یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 لە بەرواری 23ی تشرینی دووەمی ساڵی 2022ەوە خانەنشینان هاوتا دەکرێن.
وتیشی "کێشەکە ئەوەیە کەلە عێراق لە 2014ەوە کاری پێکراوە، بەڵام هەرێم لە ساڵی 2022ەوە کاری پێدەکرێت، ئەمە یەکێکە لەو کێشانەی لەداهاتوودا رووبەڕووی خانەنشینان دەبێتەوە، بەڵام دەشێت بەجۆرێک لە جۆرەکان چارەسەر بکرێت".
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق بەنمونەیەک هاوتای خانەنشینی بۆ ساڵی 2022 روندەکاتەوە و لە وتەکانیدا بۆ نها ئاشکرای دەکات "هەر مووچەخۆرێک لە ژیاندا مابێت مووچەکەی لە 500 هەزار کەمتر نییە، بەڵام کێشەکە ئەمەیە بەنمونە کەسێک مووچەکەی لە هەرێم 700 بۆ 800 بووە یان 900 هەزار بووە بەهاوتاکراوی لە عێراق با بڵێن ملیۆنێک و 100 وەردەگرێت، بەڵام ئەم کەی خانەنشین بووە لەساڵی 2019! ئەو هەر پارەکەی هەرێم وەردەگرێت زیادەکەی بەغدا کە هاوتاکراوییە وەریناگرێت، چونکە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە 2022ەوە هاوتا دەکرێت".
لای خۆشیەوە، سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی دەنگی گەرمیانی وتووە "پێويسته ساڵانە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر ئەو 100 هەزار دینارە، چونکە مینحەی سەرۆک وەزیرانە، ئەگەرچی ئێستا لێیان بڕاوە، بەڵام دوای رەزامەندی سەرۆک وەزیران، لە مانگەکانی داهاتودا پارە بڕاوەکەیان پێدەدرێتەوە".