ئابوری

لەنێوان شاندەکەی هەرێم‌و بەغدا گرژی دروستبووەو دەرەنجامی مووچە بەنادیاری مایەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکرد، ئەنجامی کۆبوونەکانی دوێنێی هەردوو وەزارەتی دارایی دەربارەی مووچە دڵخۆشکەر نەبوون و گرژیش دروست بووە.

ئەمڕۆ شەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق وتی "ئەنجامی گفتوگۆکانی دوێنی لەسەر خانەنشینی و تەوتین دڵخۆشکەر نەبوون و جیاوازی هەبووە لەنێوان هەردوو وەزارەتی داراییدا لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی".

وتیشی "لە کۆبووەنەوەکەدا لەسەر پرسی تەوتین و کردنەوەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین گرژی دروستبووە و هەرێمی کوردستان پێی خۆش نییە لقی ئەو بانکانە بگەڕێنەوە".

سەبارەت بە کێشەی مووچەی مانگی 12ی 2024یش ناوبراو جەختیکردەوە لەوەی، پارەی ئەو مووچەیە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، رۆژی دووەم کۆبونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەشاری بەغدا بەردەوامیان هەیە و. لەو چوارچێوەیەشدا تیمە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکان.
 
2025-02-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.