ئابوری

بەغدا مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ یەکڵایی دەکاتەوە و کرا بە بنەما

نها نیوز - هەواڵەکان

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەسەر لیستی مووچەی مانگی یەك و خانەنشینان قسەكراوە، دەشڵێت "ئەوەی ئەمڕۆ باسكرا دەبێت بە بنەما بۆ 12 مانگ".

رێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەفدی هەرێم و وەفدی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئاشکرای دەکات "لەسەر دوو بابەت قسە كرا، بابەتێكیان لیستی مووچەی مانگی یەك بوو، لەسەر ئەم بابەتە ئەو لیژنەی كەلە وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە چووەتە هەولێر، هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە".

پەیوەست بە بابەتەكەی دیکەوە کە لەسەر لیستی خانەنشینان بووە، رێباز حەملان دەشڵێت "تێبینییەك هەبوو سەبارەت بەوەی لە 1/1/2025وە كێ خانەنشین دەكرێت بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دەبێت، ئەوەی لەرابردوودا هەرێمی كوردستان كردوویەتی لەسەر داهاتەكانی خۆی كردویەتی، نەك لەسەر تەرخانكراوی حكومەتی عێراقی، حكومەتی عێراق لە 1/1وە یەكخستنی خانەنشینیی هەرێم جێبەجێ دەكات، بۆیە لەسەر ئەو لیستانە تۆزێك وردەكاریی هەبوو، كۆبوونەوەكە كەوتەوە سبەینێ، لە كاتژمێر هەشتەوە لە وەزارەتی دارایی تیمی هەردوولا بەردەوام دەبن".

ئەو بریکارە وتیشی "كۆبوونەوەكە ئیجابی بوو، بەرەو ئەوە ئەڕوات چارەسەر بێت، ئەوەی ئەمڕۆ باسكرا دەكرێت بە بنەما بۆ هەر 12 مانگەكە".
 
2025-01-31
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.