لە هەولێر ئامادەکاری کۆتایی بۆ مووچەی مانگی یەک دەکرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکردووە، كۆبوونەوەی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارای عێراق و هەرێم لە هەولێر بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ ساڵی 2025.
رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق، لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک نوسیویەتی: "ئێوارەی ئەمرۆ شەممە 2025/1/25 لە هەولێر سەردانی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی فیدراڵم کرد کە بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم و یەکەی ژمێریاری وەزارەتەکان و خانەنشینی سەربازی و مەدەنی لە ئامادەکاری لیستی مووچەی مانگی یەک و ئامادەکاری رێکخستنی لیستی مووچەی خانەنشینانن بە پێی یاسای هاوتاکراوی بەرکار".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستخۆشی و سوپاسیان لە هەمووان کرد و پشتیوانیان بۆ دووپاتکردنەوە بۆ ئەوەی کارەکان بەزووی جێبەجێ ببن تا ناوەراستی ئەم هەفتەیە وەفدی باڵای هەرێم بگەرێنەوە بەغدا و ئالیەتی کارکردن و سەرفکردنی مووچە بۆ ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردن.
ناوبراو دەشڵێت، "تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێم رۆژانە تا شەوی درەنگ بەردەوام کاردەکەن هەموو داواکاری و تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەخەنە بەردەم نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ تەدقیق و پەسەندکردنی بە پێی ئەو رێنمایی و یاسا کارپێکراوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەری دەروات".
لە کۆتایدا ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێم ئیلتیزامەکانی لەسەریەتی جێبەجێدەکات لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و بەدەستهێنانی مافە داراییەکانی هەرێم بە پێی یاسای بودجەی 2025 و ئەو تەخسیسەی بۆی دیاریکراوە".
|