لەسەر بنەمایەک سودانی بڕیاری کۆتایی لەسەر مووچەی مانگی 12 دەدات
نها نیوز – هەواڵەکان
شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق دوای دوو رۆژ مانەوەی لە هەولێر، گەڕایەوە بەغدا و راپۆرتێک لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران و پارەی تەواوی مووچە دەدات بە ئەنجومەنی وەزیران. بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم "سودانی لەسەر بنەمای راپۆرتەکە بڕیار لە شایستەکانی هەرێم دەدات".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی وت "شاندەکەی وەزارەتی دارایی عێراق شەش بەرپرسی باڵای وەزارەتەکەبوون و لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومەتی هەرێم کۆبوونەتەوە".
سەرچاوەکە وتیشی "شاندەکەی عێراق راپۆرتێکیان لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران، پارەی تەواوی مانگانەی مووچەخۆران، خەرجیەکان و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە، بەڵام لە راپۆرتەکەدا بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران باسنەکراوە".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "راپۆرتەکە دەدرێتە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و دواتریش دەخرێتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق".
ئەوەش خراوەتە روو، کە سودانی لەسەر بنەمای راپۆرتەکەی ئەو شاندە بڕیار لەسەر مووچەی مانگی دوانزە و مووچەی مانگەکانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان دەدات.
|