تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ عێراق هاوتاكرا
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بڕیاریدا، هەر فەرمانبەرێک تەمەنی گەیشتبێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە چەند چین و توێژێك ناگرێتەوە، كە بەشێكیان بە 63 ساڵ و بەشێكی دیكەیان بە 65 ساڵی خانەنشین دەكرێن.
بەپێی فەرمانێكی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە واژۆی مەسرور بارزانی لەسەرە و ئەمڕۆ دەرچووە، بڕیار دراوە بەكاركردن بەیاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵی بۆ تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران، كە 60 ساڵە و هەر فەرمانبەرێك تەمەنی بگاتە 60 ساڵی خانەنشین دەكرێت.
هەر بەپێی فەرمانەكە، پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پزیشكانی دادوەری و سڕكردن و دەروونی و راوێژكارانی ئەنجومەنی شورای هەرێم و فڕۆكەوانانی مەدەنی لە تەمەنی 65 ساڵی خانەنشین دەكرێن.
ئەوەش راگەیاندراوە، ئەو فەرمانبەرانەی یاسای "فەسڵكراوانی سیاسی ئیتیحادی" دەیانگرێتەوە و هەروەها كەسوكاری پلە یەك و دووی شەهیدان و ئەنفالكراوان و ئەوانەی یاسای زیندانیكراوان و راگیراوانی سیاسی دەیانگرێتەوە لە تەمەنی 65 ساڵی خانەنشین دەكرێن.
|