نەرمین مەعروف: دەرکەوت بەغدا پارەی کەمی ناردووە بۆ مووچەی مانگەکانی 2024
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەركەوت بەغدا پارەی كەمی ناردووە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دەشڵێت "لەبری(11)تریلیۆن و (576) ملیار تەنها (10) تریلیۆن و(738) ملیار دیناری ناردووە".
د.نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەپێگەی فەرمی خۆی نوسیویەتی "بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەرکەوت تاکۆتایی مانگی (12) بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەی هەرێم لەساڵی (2024) کەمترە لەکۆی تەرخانکراو بۆ مووچەی هەرێم لە بودجەی (2024)".
نوسیویشیەتی "رۆژی دووشەممە لەمیانی كۆبونەوەی لیژنەی دارایی بەمیوانداری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی( بودجە، ژمێرکاری، قەرزی گشتی) لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. کۆبوونەوەکە تایبەتبوو بە گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ بڕ و رێژەی جێبەجێکردنی بودجەی ساڵی پار و تمویلکردنی پرۆژە نوێ و بەردەوامەکانی وەبەرهێنان، هەمواری یاسای بودجە، قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق، کورتهێنانی بودجە، پشکی هەرێم لە بودجە و مووچە، و چەند بابەتێکیتری دارایی".
ناوبراو ئاشکراشیکرد "بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەرکەوت تاکۆتایی مانگی (12)ی (2024)لەکۆی زیاتر لە (89) تریلیۆن و (743) ملیار و (203) ملیۆن دینار بۆ مووچە لە عێراق نزیکەی (10) تریلیۆن و (738)ملیار و (269) ملیۆن دینار بۆ تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم (فەرمانبەران + خانەنشینان+ چاودێری کۆمەلایەتی) خەرجکراوە کە دەکاتە رێژەی (11.96%) کۆی خەرجکراو بۆ مووچەی عێراق و (6.68%) کۆی خەرجکراوی کرداری بودجە کە نزیکەی 156 تریلیۆن و 510 ملیار دینار بووە..".
بەوتەی ئەندام پەرلەمانەکەی عێراق "بەم پێیەش بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەی هەرێم لەساڵی (2024) کەمترە لەکۆی تەرخانکراو بۆ مووچەی هەرێم لە بودجەی (2024)کە بە (11) تریلیۆن و (576)ملیار و (521) ملیۆن (335) هەزار دینار خەمڵێنرابوو لەکۆی زیاتر لە (95)تریلیۆن دینار تەرخانکراوی بودجە بۆ مووچەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق لە ساڵی(2024)".
|