ئابوری

داوای لێکۆڵینەوە دەکرێت لەوەی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی هەرێم نێردراوە و دابەش نەکراوە

هەرێمنها نیوز – هەواڵەکان

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان عێراق، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کردووە بەوەی بڕی پارەی مووچەی لە حکومەتی بەغدا وەرگرتووە، بەڵام خەرجی نەکردووە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13 کانوونی دووەمی 2025، عەلا حەیدەری، ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "حکومەت دەستپێشخەری کرد، لە ڕەچاوکردنی مرۆیی، نزیکەی 11 ترلیۆن دینار وەک مووچە بداتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو فەرمانبەرانە مووچەیان وەرنەگرتووە، هەر بۆیەش نازانین، ئەم پارەیە بۆ کوێ دەڕوات، هەرچەندە حکومەتی هەرێم پارەکەی وەرگرتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرێم یەک سەنت لە داهاتی نەوت و غەیرە نەوتی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی نەکردووە، ئەمەش پێشێلکردنی یاسای بودجەیە".

دەشڵێت، "بەسرە کە 4 ملیۆن بەرهەمدەهێنێت و 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکات"، بودجەیەکی کەمترە لە دەیەی ئەو بودجەیەی کە دەگاتە هەرێم بۆ دەچێت و ئەمەش نادادپەروەرییە بەرامبەر پارێزگا بەرهەمهێنەرە نەوتییەکانمان".

حەیدەری ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس لە مانگی ئازاری 2023 بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی پێشێلکارییەکی حکومەتی هەرێم و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیادا بووە"، پرسیاری ئەوەی کرد، " ئایا دوای ئەمە هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە ڕاگیراوە"؟ لەوەڵامدا دەڵێت، بەڵکو هەرێم هێشتا ڕۆژانە لە دوو سەد تا دوو سەد و بیست هەزار بەرمیل بە تانکەر بە قاچاخ نەوت دەبات.

ناوبراو داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "پارە خەرجکردن ڕابگرێت و لێکۆڵینەوە بکات لەوەی ئەو پارەیەی کە بۆ حکومەتی هەرێم خەرجکراوە بۆ کوێ چووە و نەگەیشتووەتە دەست فەرمانبەرانی هەرێم".

2025-01-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.