ئابوری

لەبارەی مووچەی ئەم توێژەوە هەواڵی دڵخۆشکەر گەیشت

نها نیوز – هەواڵەکان

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو کەسانەی ماون و مووچەی خانەنشینییان هاوتانەکراوە، لە مانگی یەکی ئەمساڵ هاوتا دەکرێت. دەشڵێت "دەبێت ڕیککەوتن لەسەر تەمەنی خانەنشینی بکرێت، یان لە عێڕاق بکرێتە 63ساڵ یان لە ھەرێم تەمەنی خانەنشینی بکرێتە 60 ساڵ".

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بەمیدیاکانی وت "ئەو لیژنەیەی لەنێوان هەرێم و بەغدا پێکهێنراوە بۆ هاوتاکردنی تەمەنی خانەنشینی، هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەمەنی خانەنشینی، چونکە جیاوازی تەمەنی خانەنشینی لەنێوان هەرێم و بەغدا زۆرە".

وتیشی "لەئێستادا لەهەرێم داوا لە ھەموو بەڕێوبەرایەتییەکانی خانەنشینی کراوە فایل بۆسەرجەم ئەو فەرمانبەرانە بکەنەوە کە تەمەنیان بووەتە 60 ساڵ، چونکە تەمەنی خانەنشینی لە بەغدا 60 ساڵە".

سەبارەت بە هەواڵە خۆشکەش، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێم ئاشکرایکرد "ئەوانەی دوای 2014 خانەنشین بوون مووچەیان ھاوتا کراوە، و بڕیارە لە مانگی یەکی ئەمساڵ مووچەی ئەوانیتریش هاوتابکرێن کە ماون، بۆیە ئەوانەی مووچەیان لە 500 ھەزار کەمتر بوو، کۆن و نوێ، هەموویان مووچەیان بۆتە 500 ھەزار دینار، بەڵام ئەوانەی پێش 2014 خانەنشینبوون، هێشتا بڕوانامەیان بۆ هەژمار نەکراوە، جگە لەو 100 هەزارەی بژێوییەش کە زیادکراوە، چونکە ئێستا ھەموو خانەنشینێک بەلایەنی کەمەوە 600 ھەزار دینار وەردەگرێت".

سادق عوسمان راشیگەیاند "دەبێت رێککەوتن لەسەر تەمەنی خانەنشینی بکرێت، یان لە عێڕاق بکرێتە 63 ساڵ یان لە ھەرێم تەمەنی خانەنشینی بکرێتە 60 ساڵ، ئەگەر بڕیاردرا فەرمانبەر لە 60 ساڵیدا خانەنشین بن، ئەوا گرفت دروستدەکات و دەبێت لە هەرێم لەیەک کاتدا چوار قۆناغی تەمەن خانەنشین بکرێن، ئەوانیش 60 و 61 و 62 و 63 ساڵین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، بەو بڕیارە کەسانێکی زۆری خاوەن ئەزموون و بڕوانامە ناچار دەبن خانەنشین بن کە پێویستن، جگە لەوە دەبێ پاداشتی خانەنشینینیان پێ بدرێت، "ئەویش دەکاتە پارەیەکی زۆر".
 
2025-01-05
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.