مووچەی مانگی 12 پاشەکەوت دەکرێ
نها نیوز - هەواڵەکان
میدیای یەکێتی لەزاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، کە جگە ئەو 441 ملیارە بەغدا ناردویەتی ئەگەر پارەی دیکە نەنێردرێت، مووچەی مانگی 12 پاشەکەوت دەکرێت.
بەپێی دوو سەرچاوە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، ئەگەر بەغدا جگە لەو 441 ملیار دینارەی رەزامەندیی لەسەر داوە، پارەی دیکە نەنێرێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێم پاشەکەوت دەکرێت.
دوو سەرچاوەکە ئاشکراشیان کردووە، حکومەتی کاربەڕێکەر کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی ناوخۆ پڕناکاتەوە، لەبەرئەوە لە دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ دەست بە هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ رازیکردنی بەغدا تاوەکو پارەی دیکە بنێرێت و چارەنووسی مووچەی مانگی 12ـی پێ یەکلابکەنەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای یەکێتی، بەغداد جگە لەو 441 ملیار دینارەی رەزامەندیی لەسەر داوە، ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بنێرێت و دەڵێت، بەدرێژایی ئەو ساڵە پارەی تەواویان بۆ هەولێر ناردووە.
جێی ئاماژەیە، حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ دابەشکردنی مووچەی هەر مانگێکی مووچەخۆران پێویستی بە 999 ملیار دینار هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو 441 ملیار دینارە رەوانە بکرێت کە بڕیاری لێدراوە لەگەڵ ئەو 631 ملیار دینارەی بۆ مانگی 11 نێردراوە، مووچەی مانگی 11ـی پێدابەشدەکرێت و بڕى 73 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە، ئەوکاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 926 ملیار دیناری دیکە هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەى مانگى 12ـی مووچەخۆران.
|