لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی 11 و 12 دەنێرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی وتەی عەلی حەمەساڵح سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، بڕیارە بەغدا سبەی یان دوو سبەی (430 ملیار) دیناری مانگی 11 و (760 ملیار) دیناری مانگی (12) تەمویل بکات.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست لە نوسراوێکدا لەبارەی مووچەی مانگی (11 و 12) بەدواداچونی کردووە و نوسیویەتی "لەدوایەمین سەردانی وەفدی هەرێم و کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق. 15ی 12 بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی (مانگی 11) و ناردنی (430 ملیۆن) دیناری تەواوکاری درا".
نوسیویشیەتی "لەو کۆبونەوەدا، وەفدی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق رێککەوتون بەشێک لەداهاتی ناوخۆی (مانگی 7 و 8) بنێرن. کە (83 ملیار و 77 ملیار) دینارە بۆ ئەو دوو مانگە."، عەلی وتوشیەتی "ئەوە دوو هەفتەیە هیچ بڕێکیان نەناردووە و تا ئەمڕۆش ئامادەنین بینێرن! عێراق وەک کاردانەوە تەمویلکردنی راگرتووە".
سەرۆکی رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئەوە (11) رۆژە عێراق (631 ملیار) دیناری ناردوو بۆ مووچەی (مانگی 11).
ناوبراو ئەوەشی ئاشکراکرد "وەک بڕیار.. بڕیاری (430 ملیار) و (760 ملیار) ی (مانگی 12)ەش هەیە، واتە بڕیارە لە سبەی یان دوو سبەی تەمویل بکەن ئەگەر بەهۆی نەناردنەوەی داهاتی ناوخۆ راینەگرنەوە".
"دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ باکن! نەداهاتی ناوخۆ دەنێرنەوە و نە تەمویلی مووچەی (مانگی 11) دەکەن! دەڵێن؛ لە فرۆشتنی (110 ملیۆن و 880 هەزار) بەرمیل نەوتیش لەم ساڵ، هیچ داهاتێک نیە"، عەلی حەمەساڵح وایوت
|