وادەی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچەی مانگی 10 راگەیەندرا
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ئاشکرای دەکات، وەزارەتەکە داوای لە بەغدا کردووە 430 ملیار دیناریان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن، دەشڵێت "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان وتی "کێشەی مووچە ئەوەیە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی عێراق لە دەرگای مووچە تێیپەڕاندووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای کردووە، لە بەشەکانی دیکەی بودجە گواستنەوە بۆ مووچە بکرێت".
وتیشی "داوامان کردووە 430 ملیار دینار بۆ مووچە بگوازرێتەوە، ئەگەر رۆژی یەکشەممە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندیی لەسەر بدرێت، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوکات پێویستە حکومەتی عێراق نزیکەی 130 ملیار دیکە بۆ مووچەی مانگی 10 بنێرێت، بە هەمانشێوە بۆ مانگی 11 و 12ـش".
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکرد، ئەگەر بەغدا نزیکەی ئەو 130 ملیارەش بنێرێت، کورتهێنانەکە کەم دەبێتەوە، بەڵام بەتەواوی پڕناکرێتەوە و کورتهێنان دەمێنێت، دەشڵێت "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدات کە چۆن چارەسەری بکات".
بەوتەی ئەو سەرچاوە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت".
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەرلەمان بوو، رەتیکردەوە ئەو داواکارییەی هەرێمی کوردستان (گواستنەوەی پارە) بۆ مووچە جێبەجێ بکەن. سودانی راشیگەیاند "چاوەڕێی هەموارکردنی یاسای بودجە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت".
|