عێراق گرفتێک بۆ مووچەی هاوتاكراوی خانەنشینان دروست دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی کاربەڕێکەر ئاشكرای دەكات، ئەو پارەیەی كە بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردسان زیاد بووە، مانگانە 45 ملیار دینارە و لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دراوە، دەشڵێت: "هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان خەرج نەکراوە".
د. هاوڕێ كەمال، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیک لە پارت وت "حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ ئەوەی خانەنشینان سوودمەندبن لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق و چەند مانگێكیشە مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی بەغدا دەدرێت، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە، پارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەدرێت و تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراقی پارەكەی نەناردووە".
وتیشی "لە مانگی تەمموزەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراق کراوە، ئەو تەمویلەی بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی مانگانە نزیکەی 45 ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەش ئاشكرا دەکات "مووچەی هەردوو مانگی حەوت و هەشتی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كە بەشی زۆریان مووچەكانیان زیاد بووە، كەمترینی لەنێوان 420 هەزار دینار بۆ 600 هەزار دینار بووە، لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بووە و بەردەوامیش دەبێت".
لایخۆشیەوە زریان مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینیی دووی هەولێر راگەیاند "بۆ جێبەجێكردنی تەواوی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق لە هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوە و گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوامن".
|