نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان هۆکاری دواخستنی مووچەی هێزەکانی 70 نین، بەڵکو هۆکارەکە "بەرپرسانی هێزەکانی 70"ـن.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70، کە کێشەیەکی کۆنە و مانگانە دووبارە دەبێتەوە، ئەو خانەنشینانە کە مووچە لە گەنجینەی دوو وەردەگرن ژمارەیان 9075 کەسە، مووچەی مانگانەشیان 3 ملیار و 818 ملیۆن دینارە، هەروەها لە ساڵی 2013ەوە فەرمانیان هەیە کە ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر بۆ وەزارەتی دارایی".
وتیشی: "لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە دوای ئەوەی مانگی 2 و 3 مووچەیان لەلایەن بەغداوە بۆ خەرج کرا، دواتر بەهۆی ئەوەی هیچ دۆسیەیەکیان لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پیشمەرگە نییە مووچەکانیان ڕاگیرا".
دەشڵێت "وتەبێژی هێزەکانی 70 فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگە وەزارەتی دارایی و ئابووریان تۆمەتبارکردووە بۆ دواکەوتنی مووچەکانیان، بۆیە بە پێوستمان زانی وەڵامیان بدەینەوە کە ئێمە هۆکاری دواخستنی مووچەکانیان نین، بەڵکو هۆکارەکە بەرپرسانی هێزەکانی 70 و فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگەیە. کە زیاتر لە 11 ساڵە نەیانتوانیوە کێشەی ئەو خانەنشینانە چارە بکەن و دۆسیەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن کە لەوێش وردبینی دەکرێت و دواتر بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری".
هونەر جەمال راشیگەیاند "دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو خانەشینانە و فەرمانگەکەیان نییە، بەڵکو ئەو کێشەی هەیە یاساییە، لەسەر ڕاپۆرتی تیمی دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا، لەمانگی 3ەوە مووچەکانیان ڕاگیرا. لەمانگی 4 و 5 و 6 و 7 ، بە دەستوەردان و لەسەر بەرپرسیارەتی و بە بڕیاری وەزیری دارایی بڕیاردار بەخەرجکردنی مووچەکانیان، بەمەرجی ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا کێشەکانیان چارە بکرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە هەر وەکو خۆیەتی، هەروەها دوایین داتا کەلەم چەند ڕۆژەدا وەرمانگرتووە، لەکۆی 9 هەزار کەس تەنیا 200 کەس دۆسیەکانیان براوەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینیکردنیش دەرکەوتووە بەشی زۆری دۆسیەکان کێشەیان هەیە، بۆیە دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ خانەنشینی هێزەکانی 70".
وتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی لەوەش کرد، دەبێت بەزووترین کات کێشەی ئەو خانەنشینانە چارە بکرێت، ئەو بەرپرسانە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیوە ئەو کێشانە چارە بکەن، هەروەها وەزیری دارایی مانگی ڕابردوو پێی وتن لە سەرەتایی کابینەی نۆیەمەوە تا ئێستا بەرپرسیارەتی ئەو خانەنشیانەی هەڵگرتووە، بەڵام لەمەودوا چیتر ناتوانێت لەسەر بەرپرسیارەتی خۆی بڕیاری خەرجکردنی مووچەکانیان بدات".