ئابوری

زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ ئاشکرا دەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، وەزارەتەکە چاوەڕێى بەغدا دەکات تەواوکاریى مووچەى مانگەکانى شوبات تاوەکو ئابی بۆ رەوانە بکات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى نۆ بکات.

سەرچاوەیەک لە حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند "بەغدا بەڵێنی بە شاندى وەزارەتى دارایى هەرێمی کوردستان داوە کورتهێنانى مووچە خەرجبکەن و پاش گەیشتنى ئەو بڕە پارەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات 15ـی تشرینى یەکەم دابەشکردنى مووچەى مانگى نۆ دەستپێبکات".

لە لایەکی دیکەشەوە، هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى هەرێم دەڵێت "کورتهێنانى مووچەى مانگى شوبات تاوەکو مانگی ئاب کۆمەڵێک بڕە پارەى جیاوازە کە مووچەى ئەوانەى بایۆمەترییان تەواو نەبووە، مامۆستایانى کەرکوک، مووچەى وەزارەتى کارەبا و پەرلەمانى کوردستان دەگرێتەوە کە هەموو ئەو بڕە پارەیە ناگاتە 305 ملیار دینار، بەڵام فشارەکە کەمدەکاتەوە و دەتوانین پاش ئەوە مووچە دابەشبکەین".

ئەوەشى دووپاتکردەوە، بۆ مووچەى مانگى حەوت و هەشت، وەزارەتى دارایى بڕى 90 ملیار دینارى بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان لە داهاتی ناوخۆ خەرجکردووە و بۆ مانگى ئەیلولیش 45 ملیار دینارى دیکە خەرج دەکات، کە دەکاتە 135 ملیار دینار و وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا کاری لەسەر هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان نەکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پارەی مووچەى مانگانەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بڕەکەى 953 ملیار دینارە و پاش هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان گەیشتووەتە 998 ملیار دینار.
 
2024-10-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.