نها نیوز - هەواڵەکان
وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانی دەرچواندووە بۆ ئەوەی خانەنشینانی یەکەی 70 بچنەوەسەر وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگەش جەختیدەکاتەوە کە یەکەکە کێشەى یاساییان نییە بۆ وەرگرتنى مووچەکانیان.
فەتحوڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان بە میدیای یەکێتی وت "فەرمان دەرچووە لە وەزارەتى پێشمەرگەوە بۆ ئەوەى خانەنشینانى یەکەى 70 بچێتەسەر خانەنشینانى وەزارەتى دارایى، بەڵام ئەم پرۆسەیە کاتى دەوێت و دۆسیەکە ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ ئەوەى چارەسەرى بکەن".
فەتحوڵا عومەر ئاشکراشی دەکات "یەکەى 70 بەشێک لە خانەنشینانیان گواستووەتەوە بۆ وەزارەتى دارایى و بەشێکیان ماون، بەهەمان شێوە یەکەکانى 80 بەشێک لە خانەنشینانیان نەگواستووەتەوە بۆ وەزارەتى دارایى و خەریکى گواستنەوەى دۆسیەى خانەنشینانى پێشمەرگەین".
بەوتەی جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە "دۆسیەى سەرجەم خانەنشینانى یەکەى حەفتا تەواوە و 95% بایۆمەتریان کردووە و ئەوانەى نەکراوە لە دەرەوەى وڵاتن و داوایان کردووە بایۆمەترى بکەن، ناوبراو وتیشى "خانەنشینانى یەکەى حەفتا لە ساڵى 2013 تاوەکو 2019 مووچەکانیان لەڕێگەى بەرێوەبەرایەتیى خانەنشینیى وەزارەتى دارایى بۆ رەوانە کراوە و وەزارەتى دارایى و ئابوورى دەزانن کێشەى یاساییان نییە".
جێی ئاماژەیە، خانەنشینانى پێشمەرگەى یەکەى حەفتا ژمارەیان نۆ هەزار و 600 کەسە و مووچەى مانگانەیان دەگاتە سێ ملیار و 814 ملیۆن دینار.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتی کاربەڕێکەر لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کەبە فەرمانى وەزیرى دارایى مووچەى مانگى تەمموزى خانەنشینانى یەکەى 70 خەرجکراوە. راشیگەیاندووە، بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت لە ئەستۆی بەرپرسانی هێزەکانی حەفتایە.