ئابوری

هۆکاری سەرەکیی نەناردنی مووچە لە بەغداوە ئاشکرا دەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی حەوت لە بەغداوەم "لیستی ناشەفاف و نەبوونی (تەوتین) بۆ مووچەخۆرانی هەرێمە".

غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەکەی راگەیاند "بە هیچ شێوەیەک نەناردنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە لە عیراق نییە، بەڵکو دواکەوتنی ناردنی مووچە پەیوەندی بەو داواکاریانەوە هەیە کە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عیراق ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمیان کردووە و جێبەجێ نەکراوە".

دەشڵێت "نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە پەیوەندی بە ئەو لیستەوە هەیە کە حکومەتی هەرێم بۆ دارایی عیراقی ناردووە و پڕە لە ناوی دووبارە و هێزی بندیوار و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی دروستکردنی (تەوتین) بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی عیراق".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا "لەسەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کراوە و داوای روونکردنەوەی لێدەکرێت، بەڵام روونە بەگومانیی وەزیری دارایی عیراق لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و نەناردنی لیستێکی شەفافی مووچەخۆران، ناردنی مووچەی هەرێمی راگرتووە".

وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان رۆژی 21ـی 7، لیستی مووچەی مانگی 7ـی بۆ دارایی عێراق ناردووە، بەڵام دوای نزیکەی 20 رۆژ، دارایی عێراق بەهۆی ناڕوونیی لیستەکەوە ئامادەنییە مووچە بۆ هەرێم بنێرێت.
 
2024-08-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.