وردەکاریی کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق ئاشکراکرا
نها نیوز – هەواڵەکان
مووچەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بۆ نیوە کەمکرایەوە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە مووچەکانیان زیادکراوە و مووچەی ئەوانی دیکە کەمکراوەتەوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە مووچەی پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارانی ئەنجومەنی نوێنەران کەمکراوەتەوە.
باسی لەوەش کرد، لە رابردوودا سەرجەم پەرلەمانتاران وەکو یەک مووچەیان وەردەگرت و جیاوازی نەدەکرا، بەڵام ئێستا بڕوانامە کراوە بە پێوەری مووچە، ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە مووچەکانیان زیادکراوە و مووچەی ئەوانی دیکە کەمکراوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت مووچەی پەرلەمانتاران لەسەر لێهاتوویی و خزمەتکردن دیاریبکرێت نەک بڕوانامە، لە پێشوودا مووچەی پەرلەمانتاران هەشت ملیۆن دینار بوو، بەڵام ئێستا کراوە بە چوار ملیۆن دینار.
چرۆ حەمە شەریف دەشڵێت، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی پەرلەمانتاران پەنا بۆ ساختەکردنی بڕوانامە ببەن، هەرچەندە ئەوان بۆ مووچە ئەو ئەرکە هەڵنابژێرن، بەڵکو خزمەت دەکەن لەکاتێکدا کۆمەڵێک ئیمتیازاتیشیان نییە کە وەزیر و پلەباڵاکانی دیکە هەیانە.
|