ئابوری

لەبارەی مووچەوە هەواڵی ناخۆش لە وەزارەتێکی هەرێمەوە گەیشت

نها نیوز - هەواڵەکان

بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای 22ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە رایدەگەیەنن، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان پێ نادرێت تا سەردانی بانکەکان بکەن، تائێستا نەیانتوانیوە مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش وەربگرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای 22ـی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بە میدیاکان دەڵێن "لە ئێستادا رۆژانە تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ سەرقاڵی مەشق و راهێنانین و مۆڵەتمان پێ نادرێت بچین مووچەکانمان وەربگرین.

ناوبراوان ئاشکراشی دەکەن "بەهۆی ئەوەی دەوامی کارمەندانی بانک لە کاتژمێر 12:30ـی نیوەڕۆ تەواو دەبێت و ئێمەش تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ سەرقاڵی مەشق و راهێنانن، ناتوانین پێش کاتژمێر 12:30 خولەک بگەینە بانکەکان و مووچەکانمان وەربگرین.

پێشمەرگەکانی لیوای 22 ئەوەش دەخەنە روو "چەندینجار داوامان کردووە کە مۆڵەتمان پێ بدرێت تا بتوانین مووچەکانمان وەربگرین، بەڵام داواکانمان لەلایەن بەرپرسانی لیواکەوە رەتکراوەتەوە و پێیان راگەیاندووین؛ هەموو هەفتەیەک لە یەکشەممە تا پێنجشەممە دەبێت راهێنان بکەن و بۆتان نییە پێش کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ مەشقەکانتان بەجێ بهێڵن.

بە وتەی ئەوان، رۆژانی هەینی و شەممە بانکەکان کراوە نین، بۆیە تائێستا نەیانتوایوە مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش وەربگرن، بەو شێوەیەش ماوەی نزیکەی 100 رۆژە، تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە.

 
2024-07-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.