ئابوری

لیستی مووچە رادەستی بەغدا کرا و هەواڵێکی دڵخۆشکەریش لەوبارەیەوە گەیشت

نها نیوز – هەواڵەکان

لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا و لەئێستاشدا، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێت، بەغدا میکانیزمێک دەگرێتەبەر تا گرفتی خەرجکردنی مووچە دووبارە نەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەر، وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

لە ئەمڕۆوە وەزارەتی دارایی عێراق دەستدەکات بە وردبینی لە لیستەکەدا و بە گوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات، هەمان ئەو میکانیزمەی بۆ وردبینی لە لیستی هەردوو مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ کردووە، بۆ لیستی مووچەی مانگی تەمموزیش بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی گرفتی خەرجکردنی مووچەکانیان دووبارە نەبێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم "لیستی مووچەی خانەنشینان بەهاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕەوانە کراوە.

لەئێستاشدا، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەغدایە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان، بودجە و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

 
2024-07-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.