نها نیوز – هەواڵەکان
بانکی ناوەندیی عێراق کەمتر لە سێ هەفتە مۆڵەت دەداتە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن یان لەگەڵ یەکتر تێکەڵ بکرێنەوە و دەڵێت "دوای ئەوە هیچ داواکارییەکیان بۆ ئەو مەبەستە لێ وەرناگیرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا، کە رۆژی 9ی مانگی تەممووز دەریکردووە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانن تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، داوای خۆتۆمارکردن یان تێکەڵکردنەوە پێشکەش بکەن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە "رەزامەندی وەرگیرا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی پێداویستییەکانی مۆڵەت وەرگرتن و تێکەڵکردنەوە بە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق تاوەکو رۆژی 31ی تەممووز.
ئەوەش هاتووە "دوای ئەوە، هەموو داواکاریی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان پەراوێز دەخرێت و کاریان پێناکرێت. بەمشێوەیەش چارەنووسی ئەو کۆمپانیایانەی دراو دەکەوێتە مەترسییەوە.
بە وتەی ئەحمەد جاف، نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان "بەهۆی ئەم بڕیارەوە، سەدان کۆمپانیا لە ترس و دڵەڕاوکێدان، دەبێت ئەم بابەتە باشتر چارەسەر بکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 600 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، ئەحمەد جاف دەڵێت، لە کاتی تۆمارکردن و تێکەڵکردنیان نزیکەی 120 کۆمپانیا دەمێنێتەوە کە مانگانە دەتوانن لە وەرگرتنی 90 ملیۆن دۆلار لە دۆلاری بانکی ناوەندی بە بەهای فەرمی سوودمەند ببن.
بە وتەی نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق لە چوارچێوەی تێکەڵکردنەوە، تێکەڵکراونەتەوە و کارەکانیان لە کۆتاییدایە، پرۆسەکەش بەردەوامە.