گەیشت.. عێراق لەبارەی بانکەکانیەوە داوایەک لە ئەمریکا دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیرى دەرەوەى عێراق، لە بارەى دۆلارەوە لەگەڵ وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا گفتوگۆى کردووە و داواى پێداچونەوەشى بە سزادانى 32 بانک لە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق رۆژى هەینى 12ى تەمموز، بەسیفەتى سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروبارى ئابووری، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تاوتوێی ئەو پرسانەیان کردووە کە هەردوولا بەگوێرەی رێککەوتنە چاکسازییەکانی پێشوویان کاریان لەسەر دەکەن.
فوئاد حوسێن، پابەندبوونی حکومەتی عێراقى بۆ چاکسازی و رێوشوێنە ئابوورییەکانی پەیوەست بە سیستمی بانکیی عێراق و کەرتی وزە دووپاتکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیرى دەرەوەى عێراق، داوای لە ئەمریکا کردووە پێداچوونەوە بەو سزادانانە بکات، کە بەسەر 32 بانکى عێراقى سەپێندراوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، برایان نێڵسن ئاماژەى بەوەکردووە، دامەزراوە تایبەتمەندە ئەمریکییەکان لە رژدبوونى حکومەتى عێراق بۆ نوێکردنەوەى رێکارەکان لە دامەزراوە عێراقییەکان تێدەگەن. ئامادەیى واشنتنیشى بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ چارەسەری ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازییەکانی نیشانداوە.
|