جیهان

ئەمریکا لە سوریا هێزەکانی کەمکردەوە بۆ 1400 سەرباز

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەمریكا هێزەكانی لە سوریا بۆ نزیكەی (1400) سەرباز كەمدەكاتەوە، بەوتەی سەربازانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هەسەدە بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بەڕێوەبردنی کەمپەكان.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا دوێنێ‌ دەستیکردووە بە کشانەوەی سەدان سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و کاردەکات بۆ داخستنی سێ بنکەی سەربازی، لە کۆی هەشت بنکە سەربازی كە لەناوچەیە هەیەتی.

ئاماژەیان بەوەشکرد، سوپای ئەمەریکا بوونی هێزەکانی لە سوریا لە دوو هەزارەوە بۆ نزیکەی هەزار و 400 سەرباز کەمدەکاتەوە، فەرماندەکانیش ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری هێزی سەربازی لەماوەی دوو مانگدا هەڵدەسەنگێنن.

رۆژنامەکە لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە رایگەیاندووە، فەرماندەکانی ئەمەریکا راسپاردەیان کردووە کە لانیکەم 500 سەرباز لە سوریا بمێننەوە.

بەرپرسەکە وتیشی "کشانەوەی هێزەکان لەسەر بنەمای راسپاردەی فەرماندە مەیدانییەکانە، بۆ داخستنی هەندێک بنکەو بەهێزکردنی هەندێکی دیکە، کە رەزامەندیی لە پنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا وەرگرتووە.

لەلایەکی دیکەشەوە دوو بەرپرسی باڵا ئاشکرایانکردووە "ئەو هێزانەی کە ماون، هێزی ئاسایی و تایبەت لەخۆدەگرن، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو، لە بەڕێوەبردنی چەند کەمپێکی دەستبەسەرکردن لە سوریا".
2025-04-18
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.