نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی ناوخۆی توركیا بەشێوەیەكی كاتیی؛ (ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ)ی لە پۆستی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دوورخستەوە.
ئیمام ئۆغلۆ كە سەربە پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنە و ركابەری سەرەكی رەجەب تەیب ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئایندەی توركیا، چەند رۆژێكە بە تۆمەتی (گەندەڵی و تێوەگلان لەگەڵ رێكخراوە تیرۆرستییەكان) دەستگیركراوە، پارتی گەلی كۆماریی تۆمەتەكان بە سیاسی ناودەبات، ئەردۆغان و پارتەكەی رەتیدەكەنەوە دەستوەردانیان كردبێت لە رێوشوێنەكانی دادگادا.
لەدوای لادانی لە پۆستەكەی، دەبێت ئەنجومەنی شارەوانی ئیستانبوڵ كەسێكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە دیاریبكات.
(دەم پارتی) كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە توركیا، دژی بڕیاری دەستگیركردنی (ئیمام ئۆغلۆ)یە، ئەمەش لەكاتێكدا بەهۆی دانوستانی ئاشتی ئیمرالییەوە، ئەم رۆژانە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و كورد لە توركیا خۆشە.
دەستگیركردن و لادانی ئیمام ئۆغلۆ لە پۆستەكەی لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پارتی گەلی كۆماریی هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی بەڕێوەدەبات بۆ دیاریكردنی كاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئایندەی توركیا، بڕیارە ئەم جارە ئیمام ئۆغلۆ وەكو كاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكە دیاریبكات.
جێی ئاماژەیە، بڕیارە ساڵی 2028 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا بەڕێوەبچێت، بەڵام قسەوباس هەیە لەبارەی پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەكە، بەتایبەتیش كە ئەردۆغان چاوی لە هەمواركردنەوەی دەستورو رێكخستنەوەی پێگەی سیاسی خۆیەتی بۆ ئایندەی توركیا.