جیهان

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی گەیشتە دیمەشق

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆکی سووریا پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بە سەرۆکایەتی فێرناندۆ ئاریاس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە کرد، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی بوو بۆ دیمەشق لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، کە تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە کاتی ململانێی 13 ساڵ لە وڵاتەکەیدا.

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە، 8ـی شوبات، 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە یاوەری ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کرد کە بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە سەرۆکایەتی دەکات.

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە پۆستەکەیدا باسی وردەکاری لەبارەی کۆبوونەوەکە نەکردووە، بەڵام دوای ئەوە دێت کە پێشتر داواکاری ڕێکخراوەکە بۆ دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا بۆ پاراستنی سەرجەم شوێنە پەیوەندیدارەکان و پاراستنی هەر بەڵگەنامەیەکی پەیوەندیدار بە بەرنامەی چەکی کیمیاوی لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە. 

فێرناندۆ ئاریاس، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا هۆشداریدا لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی سووریا دوای ڕووخانی ئەسەد، لەوانە هەندێکیان کە ڕەنگە پەیوەندییان بە چەکی کیمیاییەوە هەبێت، مەترسی پیسبوون و لەناوبردنی بەڵگە بەنرخەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

شایانی باسە کە سووریا لە ژێر دەسەڵاتی پێشووی سوریادا، لە ژێر گوشاری ڕووسیا و ئەمریکا، لە 13ـی ئەیلولی 2013، ڕەزامەندی دەربڕی کە پەیوەندی بە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییەوە بکات و کۆگاکانی ئاشکرا بکات و ڕادەستی بکات بۆ ئەوەی لە هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوور بکەوێتەوە.

هەر لەو مانگەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی 2118ـی پەسەند کرد کە تایبەتە بە چەکی کیمیایی سووریا، دوای مانگێک لە هێرشی چەکی کیمیاوی ڕژێمی سووریا بۆ سەر غوتەی ڕۆژهەڵات لە دیمەشقی پایتەخت کە زیاتر لە هەزار کەسی کوشت.

2025-02-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.