جیهان

ئێران: ئێمە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نین

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی بەدوای دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمیدا نییە، ئەمەش دوای هۆشدارییەکی توندی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعوود پزیشکیان، لە میانی دیداری دیپلۆماتکارانی بیانی لە تاران بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "دڵنیاکردنەوەی ئەم پرسە کارێکی ئاسان نیە" وتی: "ئێمە بەدوای دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمیدا نین".

پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو جۆرە چەکانە نادات "چونکە عەقیدەی کۆماری ئیسلامی ئێران کوشتنی خەڵکی بێتاوان قبوڵ ناکات".

هاوکات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران کێشەیەکی ئاڵۆز نییە و بە لەبەرچاوگرتنی دژایەتیی تاران بۆ چەکی کۆمەڵکوژ دەکرێت چارەسەر بکرێت.

بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە تاران ئامادەیە دەرفەتێک بدات بە ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش ڕۆژێک دوای سەپاندنەوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی ترەمپ بەسەر ئێراندا.

ئەو بەرپرسە باڵایە دەڵێت: "خواستی دامەزراوە ئاینیەکان ئەوەیە کە دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسی لەگەڵ ترەمپ بدەن، بەڵام تاران بە قووڵی نیگەرانە لە تێکدەریەکانی ئیسرائیل".

ئاماژەی بەوەشکرد، تاران دەیەوێت ئەمریکا "دەست بەسەر ئیسرائیلدا بگرێت ئەگەر واشنتۆن هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتن بدات" لەگەڵ تاران.

ترامپ، ڕۆژی چوارشەممە، لە بەرنامەی "تروت سۆشیال" ڕایگەیاند کە لەگەڵ ڕێککەوتنێکی ئاشتی ئەتۆمی پشتڕاستکراوەیە کە ڕێگە بە ئێران بدات لە ئاشتیدا گەشە بکات و سەرفراز بێت.

هەڵمەتی "زۆرترین فشار" بۆ سەر ئێران هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سفر لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی بکات.

تاران بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانە و هیچ نیازی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نییە.

شرۆڤەکاران دەڵێن دامەزراوەی ڕۆحانییەکە هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لە ڕێکەوتن لەگەڵ ترەمپ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی تاران لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 هەڵوەشاوەتەوە یان بە شێوەیەکی جددی لاواز بووە، هەروەها پەرەسەندنی ناڕەزایی لەنێوان زۆرێک لە ئێرانییەکان لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران.

کەوتنی بەشار ئەسەد لە سوریا لە مانگی کانوونی دووەمدا کە هاوپەیمانێکی ژیانی تاران بوو، گورزێکی لە "میحوەری بەرخۆدان" دا، کە تۆڕێکە لە گروپە چەکدارە ناوچەییەکان، چەکدارەکان و دەوڵەتانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا.

ترامپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە تاران لە ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان ئەنجامیدا و سزاکانی سەرلەنوێ سەپاندەوە کە ئابووری وڵاتەکەیان پەکخستووە. ئەم ڕێوشوێنە توندانە وایکردووە تاران ئەو سنووردارکردنە ئەتۆمییانە پێشێل بکات کە بەهۆی ڕێککەوتنەکەوە سەپێنراون.

3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.