نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی ڕوسیا ئاشکرایکردووە، ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە شەڕی ئۆکرانیا و نرخی وزە.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا جەختی لەسەر ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ ترەمپ کردەوە کە "دەکرا شەڕی ئۆکرانیا ڕووی نەدابا ئەگەر ترەمپ لە سەرکەوتنەکانی لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ساڵی 2020 بێبەش نەکرابا، هاوکات، پەیوەندییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پەیوەندییەکی متمانە و پراگماتیزم وەسفکرد.
پوتین لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ زانکۆی دەوڵەتی مۆسکۆ وتی: "لێدوانەکانی سەرۆکی ئێستا (سەرۆکی ئەمریکا)مان بینی سەبارەت بە ئامادەیی بۆ کارکردن بەیەکەوە ئێمە هەمیشە کراوەین بەرامبەر بەم کارە.
سەرۆکی ڕووسیا بە پەیامنێرێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ڕایگەیاند، پرسی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا ئاڵۆزتر بووە بەهۆی واژۆکردنی فەرمانێک، ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کە ڕێگری لە دانوستان لەگەڵ پوتین دەکات.
کرێملین پێشتر ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا "ئامادە"یە بۆ قسەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی و چاوەڕێی "ئاماژە" لە واشنتۆنەوە دەکات.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پۆتین ئامادەیە. چاوەڕێی ئاماژەکانە" لە ئەمریکاوە. ناوبراو ئیدیعای ترەمپی ڕەتکردەوە کە دەتوانێ بە دابەزاندنی نرخی نەوتی ڕووسیا کۆتایی بە ململانێکانی ئۆکرانیا بهێنێت و وتی: "ئەم ململانێیە وابەستەی نرخی نەوت نییە".
هەروەها کرێملین داوای لە ئەمریکا کرد "بە زووترین کات" دانوستانەکانی سەبارەت بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی دەستپێبکات، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ.