ئاگربەست و ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل گەیشتە قۆناغی کۆتایی
نها نیوز – هەواڵەکان
حەماس ئاشکرایکردووە، ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە زنجیرەیەک پەیوەندی و ڕاوێژی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە فەلەستینییەکان ئەنجامداوە بەتایبەت لە دانوستانە بەردەوامەکانی دۆحەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بزوتنەوەکە لە میانەی ئەو پەیوەندیانەدا، ڕەزامەندی خۆیان لە ڕەوتی دانوستانەکان دەربڕی، جەختیان لەسەر پێویستی ئامادەکاریی نیشتمانیی گشتی بۆ قۆناغی داهاتوو و پێداویستییەکانی کردووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرکردایەتی بزووتنەوەکە و هێزە جیاوازەکان جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندی و ڕاوێژ تا تەواوبوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانیان کردووەتەوە، کە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، هیوای خۆیان دەربڕی کە ئەم خولەی دانوستانەکان بە ئاقاری ڕێککەوتنێکی ڕوون و گشتگیر بێت.
|