نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا، لەکاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە شەڕیانە لەگەڵ ئاگرکەوتنەوە لە کێوی لۆس ئەنجلۆس.
ڕۆژی یەکشەممە، 12 کانوونی دووەمی، 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە تۆڕی سۆشیال میدیای خۆی بەناوی "تروث سۆشیال" نووسیویەتی، "هێشتا ئاگرەکان لە لۆس ئەنجلۆس بەردەوامە، سیاسەتمەدارە بێتواناکان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە چۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی مێژووی وڵاتەکەیان. ئەوان بە سادەیی ناتوانن ئاگرەکان بکوژێننەوە. دەشڵێت،"مەرگ لە هەموو شوێنێکدایە".
دۆناڵد ترەمپ، نزیکەی هەفتەیەکی ماوە بۆ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، بەردەوامە لە ڕەخنەگرتن لە دیموکراتەکان، چەندین هێرشی دەستپێکردووە بەبێ ئەوەی بەڵگە لەسەر گاوین نیوزۆم، پارێزگاری کالیفۆرنیا بخاتەڕوو.
نیوزۆم، بانگهێشتی کردووە، بۆ ئەوەی سەردانی لۆس ئەنجلۆس بکات و لەگەڵیدا ڕووپێوی زیانەکان بکات.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی کالیفۆرنیا، تا ئێستا ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە 12 هەزار باڵەخانەیان وێران کردووە، لەکاتێکدا نووسینگەی پزیشکی دادوەری ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس دەڵێت، لانیکەم 16 کەسی گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای هەوڵەکانی هەزاران ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵێسەی ئاگرەکە، ئاگرەکەی پاسیفیک پالیسایدس ڕۆژی شەممە، لە باکووری ڕۆژئاوای لۆس ئەنجلۆس بڵاوبووەوە و هەڕەشەی لە دۆڵی سان فێرناندۆ کرد کە چڕ و پڕی دانیشتووانی تێدایە و هەروەها مۆزەخانەی گێتی و کارە هونەرییەکان.