جیهان

پزیشکیان: نیگەرانی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا

نها نیوز – هەواڵەکان

محەممەد شیاع سودانی لە تارانەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە داوای چارەسەری سیاسیی هەمەلایەنە لە سووریا بۆ کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی دەرەکی کرد.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە تارانەوە وتی: "چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە لە سووریا بۆ کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانەکانی دەرەکی گرنگە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "سەقامگیری لە سووریا کلیلی سەقامگیرییە لە تەواوی ناوچەکەدا".

دەشڵێت: "ئێمە پشتیوانی زمانی دیالۆگ لە سووریا دەکەین و زمانی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ڕەت دەکەینەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە ئارەزووی پەیوەندی هاوسەنگمان لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەیە".

ناوبراو دەڵێت، ئێمە ڕێز لە ئیرادەی گەلی سووریا دەگرین و پشتیوانی لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتی سیاسی ئەوان دەکەین".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە سووریا دەربڕی.

لە بەرامبەردا مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە تاران گرنگی بە گەیشتن بە ئاسایش لە عێراق دەدات.

ناوبراو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا وتی: "لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەمان تاوتوێ کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "نیگەرانیمان لە یەکڕیزی سووریا و گەڕانەوەی هەڕەشەی تیرۆر هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەی تیرۆر پێویستی بە حیکمەت و هاوکاری زیاترە لەگەڵ عێراق".

سەرۆک کۆماری ئێران باسی لە تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق کرد.

پێشتریش سودانی لەگەڵ پزیشکیان کۆبووەوە و ئەمڕۆش بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە.

18کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.