بەیاننامەیەکی نوێی حکومەتی سووریا لەسەر کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی دوادەخات بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
میدیاکانی سوریا لە زاری ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایانگەیاند، "بەستنی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی دوادەخرێت تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبینەوە کە ئامادەکارییەکان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە".
میدیاکانی سووریا پێشتر بڵاویانکردەوە کە کۆنفرانسەکە لە چوارەم و پێنجەمی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت، دواتر پێشنیاریان کردبوو کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت بە ئامانجی کۆکردنەوەی نوێنەرانی گروپە ئایینی و نەتەوەیی و سیاسییە جیاوازەکانی سووریا.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی بە پشتبەستن بە پێنج سەرچاوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی نوێی سووریا تائێستا وادەیەکی دیارینەکردووە بۆ بەستنی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کە بەرپرسانی وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا و ئەندامی ئیدارەی نوێی سووریا و دیپلۆماتکارانی ئاگادار لە ئامادەکارییەکان لەخۆدەگرن، تا ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ کۆنفرانسەکە نەنێردراوە، هەرچەندە دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی نافەرمی پەیوەندییان لەگەڵ هەندێک کەسایەتیدا کردووە.
|