جیهان

ئەردۆغان هەڕەشە لە رۆژئاوا دەکات و دەڵێت "شەوێک لەناکاو خۆمانی پێدا دەکەین"

نها نیوز – هەواڵەکان

لەساڵی نوێدا کابینەکەی حکومەتی تورکیا بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و لەبارەی رۆژئاواوە سەرۆک کۆماری ئەنقەرە دەڵێت "شەوێک لەناکاو خۆمانی پێدا دەکەین".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی باسی لەوەکرد، کەلە داهاتووی ناوچەکەدا تیرۆر جێگەی نابێتەوە و لەبارەی رۆژئاواش دەڵێت "بچوکترین مەترسی ببینین، شەوێک لەناکاو خۆمانی پێدا دەکەین".
ئەم وتەی ئەردۆغان نوێ نییە و پێشتریش لە ساڵی 2022 دژی یۆنان بەکاریهێنا کاتێک لەگەڵ وڵاتەکە ناکۆکی قووڵی هەبوو. هەروەها هەمان وتەی دژی ئیسرائیل لە ساڵی 2023 بەکارهێنا.

سەرۆککۆماری تورکیا ئەم وتەیەی لە هۆنراوەیەکی کلاسیکی تورکی وەرگرتووە کە دەڵێت "دەتوانم شەوێک لەپرێکدا بێم و خۆمی پێدا بکەم".

وتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتێکدایە، گرووپەکانی سەربە تورکیا لە سوریا بە یارمەتی سوپای وڵاتەکە هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژئاوا چڕکردووەتەوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاندووە کە بەرگریی سەخت دەکەن لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە نزیک کۆبانێ.

هاوکات دوێنێ دووشەممەش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا لە پارتی کرێکاران پاککراوەتەوە و لە عێراقیش چاوپۆشیان لێدەکرێت، بەڵام "لە سوریا دۆخەکە گۆڕاوە و بەمزووانە کۆتاییان دێت".
 
2025-01-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.