جیهان

70 ئەفسەر لە لوبنانەوە گەڕێندرانەوە بۆ سووریا

نها نیوز - هەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا ڕایگەیاند، پێشوازییان لە 70 ئەفسەر لە هێزەکانی ئەسەد کردووە کە ڕوویان لە لوبنان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕادەستکردنەکە بە ئامادەبوونی وەفدێکی ئەمنی لوبنان لە ڕێگەی دەروازەی ئەلعەریدە کە دەکەوێتە نێوان لوبنان و سووریا لە لادێی تەرتوس ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ پاسی سەر بە ئاسایشی گشتی لوبنان چوونەتە ناو خاکی سووریا، بە یاوەری ئۆتۆمبێلی شاندی هەواڵگری و ئاسایشی گشتی سوپای لوبنان.

پێدەچێت لە شەوی ڕووخانی ئەسەد، لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەیان هەزار سووری بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو لوبنان، کاتێک هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونەتە ناو دیمەشقەوە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا باڵیۆزخانەی سووریا لە بەیروت ڕاگرتنی کارە کونسوڵگەرییەکانی لە باڵیۆزخانەکە تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر ڕاگەیاند، ئەوەش بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی دەرەوە.

بەسام مەولەوی، وەزیری ناوخۆی لوبنان ڕایگەیاند، "هەر سورییەک ملکەچی ڕێوشوێنی دادوەری و فایلەکانی بێت، ڕێگەی پێنادرێت بچێتە ناو لوبنان".

14کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.